رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی بەرەی فەیلی دەڵێ، لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعسدا هەزاران کەس لە ترسی دەرکردن یان راوەدوونان، ناسناوی خۆیان گۆڕیبوو و ئێستا بە هاوئاهەنگی لیژنەی دادوەری و وەزارەتی ناوخۆ، کار لەسەر هەندێ هەنگاو دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی ناسناوە رەسەنەکان؛ هۆشداریش دەدات کە بەرەو "لەناوچوونی کولتووری" دەڕۆن.
ماهر رەشید فەیلی، ئەمینداری گشتیی بەرەی فەیلی لە هەڤپەیڤینێکی تۆڕی میدیایی رووداو، کە موشتاق رەمەزان لەگەڵی ئەنجام داوە، رایگەیاند: "گەورەترین ئاڵنگاری لەبەردەم کوردانی فەیلی، بەردەوامیی بوونی بیری بەعسە لە هەندێک فەرمانگە کە تێیدا هەندێکجار بە چاوێکی گوماناوییەوە و وەک ئێرانی مامەڵە لەگەڵ کوردی فەیلی دەکرێ".
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم بیرکردنەوەیە بووەتەهۆی دروستبوونی "رۆتینێکی کوشندە" و رەخنەی لەوە گرت کە هەندێک لە مامەڵەی قەرەبووکردنەوە لە 3 بۆ 4 ساڵ دەخایەنێت.
ئەمینداری گشتیی بەرەی فەیلی ئاماژەی بەوەش کرد، لە دوای رووخانی دەسەڵاتی بەعسەوە لە ساڵی 2003، نزیکەی 71 هەزار مامەڵەی قەرەبووکردنەوەی زیندانییان، شەهیدان و موڵک و ماڵی کوردانی فەیلی رایی کراون.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: دۆخی دۆسیەی قەرەبووکردنەوەی کوردانی فەیلی کە لە ئەنجامی سیاسەتەکانی رژێمی پێشوو زیانمەند بوون لە چ ئاستێکدایە؟
ماهر رەشید فەیلی: دۆسیەی قەرەبووکردنەوە پەیوەستە بە تاوانەکانی جینۆساید کە دەرهەق بە کوردانی فەیلی ئەنجامدراون، ئەوەش گەڕاندنەوەی ئەو پارە و موڵکانە دەگرێتەوە کە دەستیان بەسەردا گیراوە یان زەوتکراون، چ گوێزراوە بن یان نەگوێزراوە. لە رووخانی رژێمەوە نزیکەی 71 هەزار مامەڵەی قەرەبووکردنەوەی زیندانییان، شەهیدان و خانووبەرە رایی کراون و زۆربەیان مافەکانی خۆیان وەرگرتووە، بەڵام رێگەکە هێشتا درێژە.
رووداو: دیارترین ئەو ئاستەنگانە چین کە لە فەرمانگە حکومییەکاندا لە کاتی راییکردنی ئەم مامەڵانەدا دێنە بەردەمتان؟
ماهر رەشید فەیلی: گەورەترین ئاڵنگاری، بەردەوامیی بوونی بیری بەعسە لە هەندێک فەرمانگە کە هەندێکجار بە چاوێکی گوماناوییەوە و وەک ئێرانی یان تەبەعییە مامەڵە لەگەڵ کوردی فەیلی دەکرێ. ئەم بیرۆکەیە دەبێتە هۆی رۆتینێکی کوشندە، بە هیچ جۆرێک لە لۆژیکدا نییە مامەڵەیەک لە لە 3 بۆ 4 ساڵ بخایەنێت. ئێمە پێویستمان بە نەرمی و ئاسانکاریی زیاترە لە مامەڵەکردندا.
رووداو: ئایا لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە هیچ هاوکارییەک هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە؟
ماهر رەشید فەیلی: بەڵێ، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، دادوەر فایەق زێدان زۆر بەڕێز و هاوکار بووە لەگەڵ دۆسیەی کوردانی فەیلی. بەدەم داواکارییەکانمانەوە هات و لیژنەیەکی دادوەریی لە سێ دادوەر پێکهێناوە کە تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە کاروباری فەیلییەکان، ئێمەش داوا لە هەر هاووڵاتییەک دەکەین کە کێشەیەکی یاسایی هەیە، سەردانی ئەم لیژنەیە بکات بۆ راییکردنی مامەڵەکەی.
رووداو: چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو کوردە فەیلییانەدا دەکرێ کە لە دەرەوەی وڵات دەژین و دەیانەوێ مافەکانیان وەربگرنەوە؟
ماهر رەشید فەیلی: ئێمە کوردی فەیلیمان لە ئێران، سوێد، ئەڵمانیا، ئەمریکا و سەرجەم وڵاتانی جیهان هەیە. بەهۆی دووریی رێگە و رۆتینەوە، ئێمە لە بەرەی فەیلی شوێنی مانەوەی بێبەرامبەرمان بۆ هەر فەیلییەک دابین کردووە کە لە دەرەوە بێت بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی مامەڵەکەی، هەروەها لە رووی رێنماییی یاسایی و کارگێڕییەوە هاوکارییان دەکەین تاوەکو هەست بکەن هاووڵاتیی رەسەنی عێراقین.
رووداو: کێشەیەکی گەورە هەیە پەیوەستە بە گۆڕینی ناسناوە کوردییەکان بۆ ناسناوی عەرەبی لە سەردەمی رژێمی پێشوودا. چۆن چارەسەری ئەمە دەکەن؟
ماهر رەشید فەیلی: ئەمە کێشەیەکی مێژووییە، هەزاران کەس لە ترسی دەرکردن یان راوەدوونان ناچار بوون ناسناوی رەسەنی خۆیان بگۆڕن، تەنانەت هەندێکیان لە ناسنامەکانیاندا بەبێ ناسناو ماونەتەوە. ئێستا ئێمە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لیژنەی دادوەری و وەزارەتی ناوخۆ، کار لەسەر ئاسانکاری دەکەین بۆ گەڕاندنەوەی ناسناوە رەسەنەکان و داوا لە سەرۆک هۆزەکانی فەیلی دەکەین هاوکارمان بن بۆ بەڵگەدارکردنی ئەم ناسناوانە بە شێوازێکی یاسایی.
رووداو: ئایا مەترسییەکی ڕاستەقینە لەسەر زمانی کوردی شێوەزاری فەیلی لە بەغدا هەیە؟
ماهر رەشید فەیلی: بەڵێ، ئێمە هەست دەکەین بەرەو لەناوچوونی کولتووری دەڕۆین. نەوەی نوێ لە بەغدا بەهۆی تێکەڵاوبوونەوە بە زمانی فەیلی قسە ناکات، رەنگە بە نەمانی نەوەی ئێستا، زمانەکە لەنێو خێزانەکانماندا کۆتایی بێت. وەک هەنگاوێکی کرداری، پۆلێکی خوێندنمان بۆ 100 کەس کردووەتەوە بۆ فێرکردنی شێوەزاری فەیلی و پێشنیازێکیشمان پێشکەشی وەزارەتی پەروەردە کردووە بۆ کردنەوەی قوتابخانەیەکی فەرمی کە شێوەزاری فەیلی لە پرۆگرامی خوێندنەکەیدا جێگیر بکات.
رووداو: چۆن هەڵسەنگاندن بۆ کار و رۆڵی نوێنەرانی کوردانی فەیلی لە پەرلەمانی عێراقدا دەکەن؟
ماهر رەشید فەیلی: بە راشکاوی، برینێک لە دڵدایە. هیچ هاوکارییەکی راستەقینەمان لەلایەن پەرلەمانتارانەوە نەبینیوە، لەبری ئەوەی بێنە نێو شەقام و بەسەر رێکخراوە فەیلییەکاندا بچنەوە بۆ زانینی پێداویستییەکانی خەڵک، زۆربەیان سەرقاڵی بەرژەوەندییە کەسی، حیزبی یان عەشایەرییەکانی خۆیان بوون. تەنانەت ناوی کەسایەتییە مێژوویی و تێکۆشەرەکانی فەیلی لە قوتابخانە و شەقامەکانی بەغدا نەدراوە، ئەمەش کەمتەرخەمییەکی روونی نوێنەرانمانە.
رووداو: پەیامی کۆتاییتان بۆ خەڵک و سیاسییەکان چییە؟
ماهر رەشید فەیلی: پەیامم بۆ گەلی کوردی فەیلی ئەوەیە: هەڵوێستە بەرزەکان و مێژووی خۆتان لەبیر مەکەن، دەست بە ناسنامە و زمانەکەتانەوە بگرن. پەیامم بۆ سیاسییەکانیش ئەوەیە: ئێمە لە دوای رووخانی رژێم لە سەخترین دۆخدا لەگەڵ ئێوە وەستاین، ئەوەی ئێستا لە ئێوە چاوەڕوان دەکرێ چاکەدانەوەیە بەرامبەر بە کوردی فەیلی کە قوربانیی یەکجار گەورەی داوە و تاوەکو ئێستاش نەگەیشتووەتە شایستە دەستووری و یاسایییە تەواوەکانی خۆی.


