رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی دوو بەرپرسی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، گفتوگۆی حکومەت لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان بەردەوامە لەبارەی رادەستکردنی چەک و ئاستی داواکارییەکانی پێشوویان دابەزاندووە.
ئەو وادەیەی کە حکومەتی عێراقی دایناوە بۆ جێبەجێکردنی تەواوی هەنگاوەکانی رادەستکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت، لە 30ی ئەیلوولەوە دەستپێدەکات کە هەمان رۆژی رشاگەیاندنی کشانەوەی هاوپەیمانان و کۆتاییهاتنی ئەرکەکەیان بوو لە عێراق.
بەشێک لە گرووپەکانی سەر بە موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق رەتیان کردەوە کە گەیشتبێتنە رێککەوتنی کۆتایی لەبارەی رادەستکردنی چەک، هەرچەندە لیژنەیەکی چوارکەسیی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەگەڵیان گەیشتووەتە رێککەوتنی بەرایی.
عەقیل ردێنی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر، کە یەکێکە لە پێکهێنەرانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: دانوستاندنی حکومەت لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان بەردەوامە و نەوەستاوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی، ئەو گرووپانە مەرج و تێبینییان هەیە، کە پەیوەندیدارن بە کشانەوەی سوپای تورکیا و جەنگ لە ناوچەکە و هێرشنەکردنە سەریان و دڵنیاییان دەوێت".
پلانی حکومەت بۆ رادەستکردنی چەک تاوەکو مانگی تەمووزی 2027 دەخایێنێت، کە دوا قۆناخی رادەستکردنی چەکە و گرووپەکانی موقاوەمە بە "رێکخستنی چەک" ناوی دەبەن.
نوجەبا، کەتیبەکانی حیزبوڵڵا و سەیدولشوهەدا دیارترین ئەو گرووپانەی موقاوەمەن کە تاوەکو ئێستا گفتوگۆیان لەگەڵ دەکرێت بۆ چەکدانان.
هەینی، 2ی تشرینی دووەمی 2026، حوسێن شەیحانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی سادیقوون کە باڵی سیاسیی عەسائیبی ئەهلی حەقە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سەقفی داواکاریی گرووپە چەکدارەکان دابەزیوە، ئەو قسانەی کە لەسەرەتا دەمانبیست کە چەک رادەستی ئیمامی مەهدی دەکەن، ئێستا نایبیستین. بەر 30ی ئەیلوول ئەو گرووپانە دڵنیا نەبوون کە ئەمریکا دەچێتە دەرەوە، ئێستا دەڵێن ئێمە رۆڵمان هەبووە لە چوونە دەرەوەیان".
بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق، سەرایا سەلام و کەتیبەکانی ئیمام عەلی لەو گرووپانە بوون کە لەسەرەتای دەستپێکردنی پرۆسەی رادەستکردنی چەک بە دەستی دەوڵەت رازی بوون بەشدار بن، شەیحانی گوتی: "بەشداریکردنمان لەو پرۆسەیە وایکرد گوشار لە گرووپەکانی دیکەش بکرێت بۆ بەشداریکردن".
بەگوێرەی پلانی حکومەت، لەدوای کۆتاییهاتنی ئەو 90 رۆژە، دەست دەکرێت بە رادەستکردنی چەک بەشێوەی رێکخراو و پلەبەندی بەگوێرەی ئەو میکانیزمەی کە رێککەوتنی لەبارەیەوە دەکرێت و دوای ئەوەش تێکەڵکردن، چەکدانانی گرووپەکان و تۆمارکردنیان لە دەستەی حەشدی شەعبی و دامەزراوە فەرمییەکان، دەستپێدەکات.



