رووداو دیجیتاڵ دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان، ئاسمانی عێراق رووبەڕووی بۆشاییەکی بەرگری بووەتەوە، ئەمەش وایکردووە بەغدا بەپەلە بکەوێتە خۆی بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک و شاندە ئەمنییەکانی روویان لە وڵاتانی زلهێز کردووە، لە ئەمریکاوە بۆ رووسیا و لە کۆریای باشوورەوە تا چین، بۆ بەدەستهێنانی سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانی. لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە رووداوی رایگەیاند، "لیژنەی تەکنیکی سەردانی چەند وڵاتێکی خاوەن ئەزموون و پێشکەوتووی جیهانییان کردووە لەم بوارەدا. پێمانوایە لە قۆناغی داهاتوودا دیدگایەکی تەواو و هەمەلایەنە دەبێت بۆ تەواوکردنی ئەم توانایانە، کە ئامانج لێی پاراستنی ئاسمانی عێراقە." بەغدا بەڵێنی داوە ئاسمانی هەرێمی کوردستانیش بخاتە ژێر هەمان چەتری بەرگری، بەڵام گوژمەی بەرزی کڕینی سیستەمەکان و رێگرییە سیاسییەکان پرۆسەکەیان خاوکردووەتەوە. بۆ ئەوەی عێراق بە تەواوەتی ئاسمانی خۆی بپارێزێت، پێویستی بە زیاتر لە 10 ملیار دۆلار دەبێت، کە ئەمەش بۆ دۆخی ئێستای عێراق ئاسان نییە. لیوای فڕۆکەوان تەحسین خەفاجی، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، بۆ رووداو دەڵێت، "بۆ کڕینی ئەم سیستەمە میکانیزمی هەڵبژاردن ماوە. هەروەها هەڵبژاردنی چەکێک پێویستە پێداویستییەکانی وڵات پڕبکاتەوە. سەرکردەکان کاتێک کۆدەبنەوە، ئاستەنگەکان لەبەرامبەر پڕچەککردنەکە دەخەنە ڕوو، بەوەش ئەو چەکە هەڵدەبژێردرێت کە پارێزگاری لە تەواوی بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراقمان دەکات لە باکوورەوە تا باشوور." تاوەکو عێراق بە تەواوەتی ئاسمانی پارێزراوبێت و توانای بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەکی دەرەکیی هەبێت پێویستی بە زیاتر لە 10 ملیار دۆلار دەبێت. ئەوەش بۆ ئەم دۆخەی ئێستا عێراق کارێکی ئاسان نییە.
عێراق01-10-2026نێچیرڤان بارزانی: خوازیاری عێراقێکی خاوەن سەروەریی تەواوین کە پارێزەری ئاسایشی هەموو پێکهاتەکان بێت