رووداو دیجیتاڵ
دوای رۆژێک لە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، بزووتنەوەی نوجەبا، یەکێک لە گرووپە چەکدارەکانی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق رایگەیاند، وڵات لە قۆناخێکی "تاریک" رزگاری بووە و قۆناخی بوونی هێزە ئەمریکییەکان و هاوپەیمانان بە تەواوی کۆتاییهات؛ هاوکات داوا دەکات لەمەودوا مامەڵەی "هاوتا" لەگەڵ واشنتن بکرێت و باڵیۆزخانەکەی بچووک بکرێتەوە.
رۆژی پێنجشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، بزووتنەوەی نوجەبا رایگەیاند: "بە فەزڵی خودا لەو مۆتەکەیەی کە لە سەر سنگی عێراق نیشتبوو رزگارمان بوو. ئەم سەرکەوتنە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنەیە کە بە شەهیدان سولەیمانی و موهەندیس (قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس)مان دابوو بۆ دەرکردنی هەموو ئەو هێزە تاوانبارانەی کە جگە لە شەڕ و نەهامەتی هیچ شتێکیان بۆ عێراق نەهێنا."
نوجەبا لە راگەیێندراوەکەی دا هۆشداریی تووند دەدات لە هەر جۆرە مانەوەیەکی دیکەی ئەمریکا لە عێراق، جا لە ژێر ناوی کۆمپانیای ئەمنی بێت یان راوێژکاری و سەربازی. بزووتنەوەکە دەڵێت، داگیرکەر ناچار بوو "رێککەوتنی کشانەوە" واژۆ بکات بۆ پاراستنی رووی خۆی، دوای ئەوەی لە رووی سەربازییەوە شکستی پێ هێنرا.
بزووتنەوەی نوجەبا چەند داواکارییەکی وەک مەرج بۆ قۆناخی داهاتوو راگەیاندووە و دەڵێت: "دەبێت باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا وەک هەر باڵیۆزخانەیەکی دیکە بێت، نەک وەک شارێکی سەربازیی گەورە." نوجەبا دەڵێت: "ئەگەر وایە، دەبێت عێراقیش باڵیۆزخانەیەکی بەو قەبارەیە لە واشنتن هەبێت."
دەشڵێت: "دەبێت هەژموونی ئەمریکا بە سەر ئابووری و سەروەت و سامانی عێراق کۆتایی پێ بهێندرێت، رێگری بکرێت لە فڕینی فڕۆکەکانی ئەمریکا لە ئاسمانی عێراق و دەستوەردانیان لە کاروباری سیاسیی عێراق دا."
نوجەبا داوا دەکات کار بکرێت بۆ دوورخستنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سنوورەکانی عێراق لەگەڵ سووریا، ئوردن و کوێت.
بزووتنەوەی نوجەبا راشیگەیاندووە: "وەک پشتیوانێکی بەهێز بۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەمێننەوە بەرەو بونیادنانی عێراقێکی سەربەخۆ کە خۆی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات."
.webp&w=3840&q=75)
