رووداو دیجیتاڵ شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق دەڵێ، هێزە ئەمنییەکان لە سنووری پارێزگای کەرکووک لە کاتی بەئامانجگرتنی دوو چەکداری داعشدا لە رێگەی هاوەنەوە ژنێکی سڤیلیان بریندار کردووە و دواتر بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە. رۆژی یەکشەممە، 27ـی ئەیلوولی 2026، شانەی راگەیاندنی ئەمنی لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "درەنگانی شەوی رابردوو لە رێگەی بەدواداچوونی مەیدانییەوە، هێزە ئەمنییەکان چاودێریی جموجووڵی دوو چەکداریان لە پاشماوەکانی داعش لە نزیک گوندی مەلحە لە سنووری کاری فیرقەی 11ـی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک کرد." بەپێی راگەیێندراوەکە، دوای دەستنیشانکردنی شوێنەکە، هێزە ئەمنییەکان لەڕێگەی دوو گولـلەهاوەنەوە پێگەی چەکدارەکانیان کردووەتە ئامانج. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "رووداوەکە بووەتەهۆی برینداربوونی ژنێکی سڤیل کە لەو کاتەدا لە نزیک شوێنەکە بووە، دەستبەجێ بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر بۆ نەخۆشخانە گوێزراوەتەوە، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە." عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە رووداوی گوت: "رووداوەکە لە گوندی مەلحە بووە لە سنووری ناحیەی رەشاد و ژنەکە تەمەنی 28 ساڵە." بەگوتەی عامر نووری، رووداوەکە بەهۆی هاوەنبارانی هەڕەمەکیی سوپاوە بووە بۆ سەر چەکدارەکانی داعش.
عێراق27-09-2026رێکخراوی بازرگانیی جیهانی بۆ رووداو: بەئەندامبوونی عێراق مەرجدارە بە ئەنجامی دانوستاندنەکان