رووداو دیجیتاڵ
چەکدارانی خێڵێکی خەڵکی بەسرە، دوای پێنج کاژێر شەڕ و رووبەڕووبوونەوەی چەکداری لە کەناراوەکانی سۆماڵ، توانییان کەشتییەکی گواستنەوەی نەوتی رفێندراو کە موڵکی بازرگانێکی خۆیانە لە دەستی چەتەکانی دەریا رزگار بکەن و 47 کەسیش کە دەستبەسەر کرابوون، ئازاد بکەن.
رۆژی شەممە، 26ی ئەیلوولی 2026، زەید موئەییەد، جێگری پارێزگاری بەسرە وردەکاریی رووداوەکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو خستەڕوو و رایگەیاند: "کەشتییەکە موڵکی بازرگانێکی عێراقییە کە دانیشتووی ئیماراتە و لە بواری گواستنەوەی دەریایی و لۆجستیدا کار دەکات. نزیکەی مانگێک لەمەوبەر کەشتییەکەی لە کەناراوەکانی سۆماڵ لەلایەن چەتەکانەوە دەستی بەسەردا گیرا و داوای پارەیان دەکرد بۆ ئازادکردنی."
جێگری پارێزگاری بەسرە بۆ رووداو ئاشکرای کرد کە "خاوەنی کەشتییەکە کە خەڵکی بەسرەیە، پشتی بە خزمانی خێڵەکەی بەستووە و لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی سۆماڵ چوونەتە شوێنی کەشتییەکە. لەوێ رووبەڕووبوونەوەی چەکداری روویداوە کە نزیکەی پێنج کاژێری خایاندووە، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی بەر عێراقییەکان نەکەوتووە."
زەید موئەییەد ئاماژەی بەوەش کرد، لەنێو کەشتییە نەوتهەڵگرەکەدا 47 کەس هەبوون کە لەلایەن چەتەکانەوە دەستبەسەر کرابوون و سەرجەمیان ئازاد کراون؛ ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئۆپەراسیۆنەکەیشدا "حەوت لە چەتە رفێنەرەکان بە دیل گیران کە کەسانی بیانی و سۆماڵییان لەنێودایە، هەروەها دەست بەسەر چەکەکانیشیاندا گیراوە و ژمارەیەک لە چەتەکانیش کوژراون."
کەشتییە نەوتهەڵگرەکە کە هەڵگری نەوتی عێراقی بووە و لە ئیماراتەوە بەڕێکەوتووە بۆئەوەی نەوت بۆ چەند وڵاتێکی ئەورووپی بگوازێتەوە، بەڵام مانگێک لەمەوپێش لەلایەن چەتەکانی دەریاوە دەستی بەسەردا گیرابوو.
رووداوەکە دوێنێ هەینی روویداوە و بەپێی زانیارییەکانی رووداو، کەشتییەکە موڵکی خێڵی (شەغانیبە)ی عێراقی بووە، کە دانیشتووی پارێزگای بەسرەن.
بە گوتەی جێگری پارێزگاری بەسرە، دوای سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکە و رزگارکردنی کەشتییەکە، بەشێک لە بەشداربووانی هێرشەکە گەڕاونەتەوە بۆ عێراق و خاوەنی کەشتییەکەش بەرەو دووبەی گەڕاوەتەوە.
لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی رووبەڕووبوونەوەکەدا دەردەکەوێ، چەکدارە عێراقییەکان بە چەکی جۆری بیکەیسی تەقە لە چەتەکان دەکەن.
سۆماڵ خاوەنی درێژترین کەناراوە لەسەر ئاستی کیشوەری ئەفریقا و درێژییەکەی زیاتر لە سێ هەزار و 300 کیلۆمەترە. ئەم کەناراوانە کە دەکەونە سەر زەریای هیندی و کەنداوی عەدەن، بە دەروازەی سەرەکی بەرەو تەنگەی بابولمەندەب و دەریای سوور دادەنرێن، هەروەها یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان و رۆژانە دەیان کەشتیی نەوتهەڵگر و بارهەڵگر لە کەنداو و ئاسیاوە بەرەو ئەورووپا و کەناڵی سوێس پێیدا تێپەڕ دەبن.



