رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێ، بە هاوئاهەنگیی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، کار دەکەن بۆ ئەوەی ئەو خێزانە ئاوارانەی دەگەڕێنەوە ناوچە و شوێنی خۆیان لە بەرنامەکانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی سوودمەند بن.
رۆژی یەکشەممە، 8ی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی جەهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، هەردوو وەزارەت لە هاوئاهەنگیدان بۆ ئەوەی خێزانە گەڕاوەکان بخرێنە نێو چوارچێوەی پرۆگرامەکانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتییەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ ئاماژەی بەوە کرد، تاوتوێی رێگەکانی سەرخستنی بەرنامەکانی چاودێریی کۆمەڵایەتییان بۆ ئەو خێزانانە کردووە کە گەڕاونەتەوە پارێزگای ئەنبار؛ هاوکات کار بۆ نەهێشتنی تەواوی ئەو ئاڵنگاری و رێگرییانە دەکەن کە دێنە بەردەم تۆمارکردنی ناوی ئەو خێزانانە لە تۆڕەکەدا.
عەلی جەهانگیر روونیکردەوە کە لقەکانی وەزارەتی کۆچ لە پارێزگاکان، لە رێگەی تیمە مەیدانییەکانیانەوە بەپێی توانای بەردەست هاوکاری پێشکێش بە خێزانە گەڕاوەکان دەکەن، جگە لە پێشکەشکردنی پاڵپشتیی دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ ئەوەی بە ئاسانی لەگەڵ ژینگەی ناوچەکانیان رابێنەوە.
تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی، بەرنامەیەکی حکومەتی عێراقە و لەلایەن وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە بەڕێوەدەبرێ. ئامانجی سەرەکیی ئەم سیستمە بریتییە لە کەمکردنەوەی رێژەی هەژاری و دەستەبەرکردنی بژێویی ژیان بۆ ئەو کەس و خێزانانەی توانای کارکردنیان نییە یان داهاتیان لەژێر هێڵی هەژارییەوەیە، ئەمەش بەپێی یاسای ژمارە 11ـی ساڵی 2014 رێکخراوە.
ئەم تۆڕە چەند توێژێکی دیاریکراوی کۆمەڵگە لەخۆدەگرێ؛ لەوانە خێزانە کەمدەرامەتەکان، ژنانی جیابووەوە، خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و نەخۆشانی درێژخایەن، بەساڵاچووانی بێ مووچە، منداڵانی بێ باوک و ئەو بێکارانەی مەرجە یاساییەکان دەیانگرێتەوە.
هاوکارییەکانی ئەم تۆڕە بریتیین لە پێدانی مووچەیەکی مانگانە کە بەپێی ژمارەی ئەندامانی خێزان دیاری دەکرێ، لەگەڵ پێدانی بەشەخۆراکی مانگانەی زیادە، هاوکاریی دارایی بۆ خوێندنی منداڵەکانیان و داشکاندنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانیش دەگرێتەوە.
عەلی جەهانگیر باسی لەوە کرد، بەردەوام لەگەڵ حکومەتە خۆجێییەکان و کەسایەتی و سەرۆک هۆزەکان هاوئاهەنگییان کردووە، بۆ پشتیوانیکردن لە بەرنامەکانی وەزارەت لەو ناوچانەی خەڵکەکەی بۆیان گەڕاونەتەوە، ئەوەش لە رێگەی دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانی رۆژانە و تێکەڵکردنەوەیان بە کۆمەڵگە بە مەبەستی بەرقەرارکردنی سەقامگیری و پێکەوەژیانی ئاشتییانە.
دۆسیەی گەڕاندنەوەی خێزانە ئاوارەکان لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتی عێراقە بۆ داخستنی یەکجارەکیی کەمپەکان و کۆتاییهێنان بە پرسی ئاوارە لە وڵاتدا، هاوکات لەگەڵ هەوڵەکان بۆ نۆژەنکردنەوەی ژێرخان و دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی وەک ئاو، کارەبا، تەندروستی، خوێندن و دابینکردنی هەلی کار لە ناوچە ئازادکراوەکان لە دەستی چەکدارانی داعش.
بەگوێرەی نێردەی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ لە عێراق زیاتر لە 90 هەزار ئاوارە لە 15 کەمپی هەرێمی کوردستاندا دەژین، کە زۆرینەیان لە سنووری پارێزگای دهۆکن.
ژمارەی ئەو ئاوارانەی لە کەمپەکاندا دەمێننەوە، بەمشێوەیە بەسەر پارێزگاکاندا دابەشبوون:
- دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ: 89 هەزار و 709 ئاوارە لەنێو 13 کەمپدا نیشتەجێن.
- پارێزگای هەولێر: چوار هەزار ئاوارە لە دوو کەمپدا دەژین.
- سێ هەزار و 194 ئاوارەش لە سێ کەمپی رۆژهەڵاتی شاری موسڵدان.


