رووداو دیجیتاڵ بەگوێرەی بەرپرسێکی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، لەمڕۆوە هیچ گەشتێکی هاتن و چوون لەنێوان عێراق و ئێران ئەنجام نادرێن. رۆژی هەینی، 25ی ئەیلوولی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان لە ئێرانەوە بۆ عێراق و بەپێچەوانەشەوە راگیراون. بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، گەشتەکانی ئێران بەشی زۆری لە فڕۆکەخانەی بەغدا و نەجەفەوە بوون، بەوپێیەی زۆرترین زیارەتکار لەڕێگەی ئەو دوو فڕۆکەخانەیەوە دەهاتنە عێراق. باسی لەوەش کرد، دوایین فڕۆکەخانە کە گەشتەکانی ئێرانی تێدا ئەنجام دەدرا فڕۆکەخانەی نەجەف بوو کە ئەمڕۆ ئەویش گەشتەکانی راگرت. سەرچاوەکەی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق گوتی، "ئێمە پابەندی رێنماییەکانین و ئەوە تەنیا لە دەسەڵاتی عێراقدا نییە و بڕیارێکی نێودەوڵەتییە، راگرتنەکەش بەردەوام دەبێ تاوەکو سزاکان لانەبرێن." راگرتنی گەشتەکان بەهۆی تووندکردنەوەی سزاکانی ئەمریکا بەسەر کەرتی فڕۆکەوانیی ئێرانەوەیە. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاندووە، سزای بەسەر 27 کۆمپانیای فڕۆکەوانیی ئێرانیدا سەپاندووە و هەڕەشەی راگرتنی چالاکییەکانیان لە سەرانسەری جیهاندا کرد. فڕۆکەخانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بریتین لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، بەسرە، نەجەف، مووسڵ، کەرکووک، هەولێر و جەلال تاڵەبانی لە سلێمانی.