رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی کاتیی پەرلەمانی عێراق راپۆرتی کۆتایی خۆی لەبارەی قەیرانی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان ئامادە کرد و دوو رێگەچارەی سەرەکی بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکە خستەڕوو؛ ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گازیش رایدەگەیێنێت، لەئەگەری جێبەجێنەکردنی بڕیارەکان لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە، پەرلەمان دەتوانێت وەزیر بانگهێشت بکات و متمانەی لێ وەربگرێتەوە.
سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، لە بولتەنی نیوەڕۆی تۆڕی میدیایی رووداودا رایگەیاند، لیژنە کاتییەکەی پەرلەمان بۆ بەدواداچوونی کێشەی سووتەمەنی، دوای لێکۆڵینەوەی ورد و چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، گەیشتووەتە دوو پێشنیازی سەرەکی بۆ دەربازبوون لە قەیرانی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان.
دوو رێگەچارەکەی پەرلەمانی عێراق:
دابینکردنی راستەوخۆی بەرهەمە نەوتییەکان: وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و بە هەمان نرخی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، بەرهەمە نەوتییەکانی وەک بەنزین، گازوایل و نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات. لەبەرامبەردا، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوتی خاو رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکات تاوەکو لەرێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردەی بکات. شێروانی ئاماژەی بەوەش کرد کە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان پێشتر بە نووسراوی فەرمی رەزامەندیی لەسەر ئەم پێشنیازە داوە.
زیادکردنی پشکی نەوتی خاو: لەئەگەری جێبەجێنەکردنی رێگەچارەی یەکەم، پێویستە پشکی هەرێمی کوردستان لە نەوتی خاو زیاد بکرێت. شێروانی جەختی کردەوە کە ئەو 50 هەزار بەرمیلەی ئێستا بۆ هەرێمی کوردستان دابینکراوە، دادپەروەرانە نییە و بەشی پێداویستیی ناوخۆیی ناکات.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق باسی لەوە کرد، کە پەرلەمان پێشتر بە دەنگدان لەسەر راسپاردەیەک دانی بەوەدا ناوە کە پشکی ئێستای سووتەمەنیی هەرێم نادادپەروەرانەیە و گوتی: "لەکاتێکدا دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بەپێی داتاکانی سەرژمێریی وەزارەتی پلاندانان زیاتر لە 14٪ـیە و نابێت دەستکاری بکرێت، کەچی ئێستا پشکی هەرێمی کوردستان لە بەرهەمە نەوتییەکان یان نەوتی خاو لە عێراقدا تەنیا نزیکەی 3٪ـیە، ئەمەش ستەمێکی گەورەیە."
هەڕەشەی لێسەندنەوەی متمانە لە وەزیری نەوت
سەبارەت بە میکانیزمی یاسایی هەنگاوەکان، شێروانی روونیکردەوە کە راپۆرتەکە لەناو لیژنەی نەوت و گاز دەنگی لەسەر دەدرێت و دواتر لە دانیشتنی گشتیی پەرلەماندا پەسەند دەکرێت و ئاراستەی حکومەت دەکرێت.
سیپان شێروانی هۆشداریی توندیشی دایە وەزارەتی نەوت و گوتی: "بڕیاری پەرلەمان وەک باڵاترین دەسەڵاتی یاسادانان پابەندکەرە؛ ئەگەر وەزارەتی نەوت ئەم داواکارییە شەرعی و دەستوورییانەی خەڵکی کوردستان جێبەجێ نەکات، ئەوا پەرلەمان دەتوانێت لێپێچینەوە لە وەزیری نەوت بکات، وەک چۆن متمانەی پێداوە، دەشتوانێت متمانەی لێ وەربگرێتەوە."
سیپان شێروانی داوای کرد پەلە لە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارەدا بکرێت، چونکە بەپێچەوانەی ناوچەکانی باشوور، وەرزی سەرما لە ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان زوو دەستپێدەکات و پێویستیی خەڵک بە سووتەمەنی زیاتر دەبێت، ئاماژەی بەوەش کرد کە تاوەکو ئێستا زۆرینەی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنە شیعە، سوننە و کوردەکان پاڵپشتیی تەواوی ئەم هەنگاوەیان کردووە.
.jpg&w=3840&q=75)
