رووداو دیجیتاڵ
عێراق 159 زیندانیی دیکەی رادەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردەوە و گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق رایگەیاند، زۆربەیان لەسەر مادەی هۆشبەر سزادرابوون.
ئەحمەد لعێبی، گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق، رۆژی دووشەممە 21ی ئەیلوولی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوێنێ 159 سزادراومان رادەستی ئێران کردەوە بۆ ئەوەی ماوەی سزاکانیان لە زیندانەکانی لە وڵاتەکەیان تەواو بکەن".
گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق، ئاماژەی بەوە کرد، بۆ ئەم پرسە لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان وەزارەتەکانی داد، ناوخۆ و هەواڵگریی عێراق هەیە، رادەستکردنی ئەو زیندانییانە لە چوارچێوەی رێککەوتنی ساڵی 2012ـی نێوان عێراق و ئێرانە.
بە گوتەی ئەحمەد لعێبی، "زۆربەی رادەستکراوەکان لەسەر مادەی هۆشبەر لە عێراق دەستگیر و سزادرابوون".
رۆژی سێشەممە 15ی ئەیلوولی 2026، عێراق 48 سزادراوی رادەستی ئێران کردەوە، کە یەکێکان کورد بوو لە عێراقدا سزای زیندانییان بەسەردا سەپێنرابوو. لە رێگەی دەروازەی سنووریی وشکانیی مێرانەوە زیندانییەکان وەرگیراونەوە، بۆ ئەوەی ماوەی سزاکەیان لەنێو ئێران تەواو بکەن.
ئەو هەنگاوە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی رێککەوتنە ئەمنیی و دادوەرییە هاوبەشەکانی نێوان بەغدا و تارانە، کە تایبەتە بە ئاڵوگۆڕ و گواستنەوەی سزادراوان لەنێوان هەردوو وڵاتدا.


