رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وەک چاودێرێکی نێودەوڵەتی بەشداری لە چاودێریکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی رووسیا (دوما) دەکات. شاندێکی باڵای کۆمیسیۆنەکە بۆ ئەو مەبەستە لە مۆسکۆیە.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی شەممە (19ـی ئەیلوولی2026) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "شاندێکی کۆمیسیۆن بە سەرۆکایەتیی عومەر ئەحمەد محەممەد، سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران و ئەندامێتیی حوسێن عەبدولسادە بەهیر، سەرۆکی فەرمانگەی هەڵبژاردن و عەباس فەرحان، ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، لە 18 تاوەکو 20ی ئەم مانگە چاودێریی هەڵبژاردنەکانی رووسیا دەکەن".
بەشداریکردنی شاندە عێراقییەکە لەسەر بانگهێشتی فەرمیی کۆمیسیۆنی ناوەندیی هەڵبژاردنەکانی فیدراسیۆنی رووسیایە، ئەوەش لە چوارچێوەی بەهێزکردنی هاوئاهەنگی و گۆڕینەوەی ئەزموون و ئاگاداربوون لە شێوازە نێودەوڵەتییەکانی بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردن.
عیماد جەمیل رایگەیاند: "شاندەکە چوونەتە چەند بنکەیەکی دەنگدان تاوەکو لە نزیکەوە ئاگاداری رێکارە رێکخراوەیی و تەکنیکییەکان و میکانیزمی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان بن، هەروەها بە مەبەستی سوودوەرگرتن لە باشترین رێکار و هەنگاوەکان لە بواری بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردن دا ".
رۆژی هەینی 18-09-2026، پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی 450 ئەندامی پەرلەمانی رووسیا (دوما)، ئەنجوومەنی 39 هەرێم و 11 پارێزگار لە سەرتاسەری ئەو وڵاتە دەستیپێکرد و سێ رۆژ دەخایەنێت.
لەم هەڵبژاردنەدا 11 پارت بەشدارن و دوو بەربژێری کوردیش کێبڕکێ دەکەن.


