رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی یەکێتیی ئەورووپا بۆ رووبەڕووبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان هۆشداری لە گۆڕانی نەخشەی قاچاخیکردن بە مادەی هۆشبەر و خۆگونجاندنی خێرای تۆڕە تاوانکارییەکانی بوارەکە دەدات.
ئەلیکساندەر سۆدەرهۆلم، راوێژکاری یاسایی لە ئاژانسەکە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ نیاز مستەفا، ئێدیتۆر لە دێسکی نێودەوڵەتیی بەشی ئینتەیکی تۆڕی میدیایی رووداو ئاماژەی بە دۆخی عێراق و ناوچەکە دوای پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکان، بەتایبەت رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد لە سووریا و چوونە سەر دەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان کرد.
سۆدەرهۆلم دەڵێ، عێراق لە رێڕەوێکی سەرەکیی مێژوویی ترانزێتەوە رووبەڕووی دوو مەترسیی گەورەتر بووەتەوە. یەکەمیان دەرکەوتنی ئاماژەی هەبوونی تاقیگەی بەرهەمهێنانی کەپتاگۆنە لە خاکی وڵاتەکە و دووەمیان زیادبوونێکی مەترسیداری بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکانی وەک کەپتاگۆن و ترامادۆڵە. وەک ئەو بەرپرسە دەڵێ، ئەمەش زەنگێکی مەترسیدارە کە دەکرێ نائارامی و ناسەقامگیریی زیاتر لە عێراقدا دروست بکات.
فرەچەشنکردنی رێگەکانی قاچاخیکردن
بەپێی راپۆرتی ساڵی 2026ی مادە هۆشبەرەکانی ئەورووپا، بەردەستبوونی مادە هۆشبەرەکان لەنێو یەکێتیی ئەورووپادا لە ئاستێکی زۆر بەرزدا ماوەتەوە و تۆڕە تاوانکارییەکان زۆر بەخێرایی خۆیان لەگەڵ رێکارەکان و گۆڕانی دۆخەکاندا دەگونجێنن.
بە گوێرەی سۆدەرهۆلم، لە کاتێکدا کۆکاین بە شێوەیەکی سەرەکی لە ئەمریکای باشوورەوە و هێرۆین لە ئەفغانستانەوە هاوردە دەکرێ، بازرگانیی مادە کیمیاییە سەرەتاییەکان زنجیرەیەکی فرەچەشنی جیهانییە بەسەر ئاسیا و تەنانەت لەنێو ئەورووپاشدا.
راوێژکارەکەی یەکێتیی ئەورووپا گوتی، گرووپە تاوانکارییە رێکخراوەکان جگە لە بەندەرە گەورەکانی وەک ئەنتوێرپ لە بەلجیکا و رۆتەردام لە هۆڵەندا روویان لە بەندەرە بچووکەکان، گواستنەوەی دەریایی لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان و شێوازی پێشکەوتووی شاردنەوە کردووە بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی دەستگیرکردن.
بەرهەمهێنانی مادە هۆشبەرەکان لە ئەفغانستان
بە گوتەی سۆدەرهۆلم، لە دوای گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن تاڵیبانەوە لە ساڵی 2021 چاندنی مادە هۆشبەرەکان لە ئەفغانستان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە.
راوێژکارەکەی ئاژانسەکەی یەکێتیی ئەورووپا ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ ئەو رێکارانەی حکومەتی نوێی ئەفغانستان، بەرهەمهێنانی مادە هۆشبەرەکان کەمنەبووەتەوە، بەڵکو بەرهەمهێنانی تریاک و گواستنەوەی بەرهەمهێنانی هێرۆین و میسەمفیتامین بەرەو وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەت هەرێمی بەلووچستانی پاکستان و بەشێکی ئێران دەستی پێکردووە.
سۆدەرهۆلم گوتی، بازاڕی هێرۆین لە ئەورووپا هێشتا جێگیرە و دابینکردنێکی بەردەوام هەیە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی قاچاخچییەکان رێڕەو و شێوازی نوێ بەکاردەهێنن و ئاستی قاچاخیکردن وەک پێشوو ماوەتەوە.
رۆڵی سووریا و لوبنان لە بازرگانیی کەپتاگۆن و گۆڕانی رێڕەوەکانی ترانزێت
بەشێکی دیکەی هەڤپەیڤینەکە لەسەر کاریگەری جەنگەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوو لەسەر گواستنەوەی مادە هۆشبەرەکان بۆ ئەورووپا.
سۆدەرهۆلم دەڵێ، جەنگ و ناسەقامگیریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کاریگەریی بەرچاوی لەسەر شەپۆلی گواستنەوەی مادەی هۆشبەرەکان هەبووە.
بە گوتەی ئەو راوێژکارە، سووریا و لوبنان ناوەندی مێژوویی بەرهەمهێنانی کەپتاگۆن بوون و بەشێکی پێکهاتەکانی مادە هۆشبەرەکان لە سووریا و لوبنانەوە بەرهەم دەهێنران و دەگەیێندرانە ئەورووپا بۆ ئەوەی لە تاقیگەکانیدا مادەی هۆشبەر دروست بکرێ و لەوێوە رەوانەی وڵاتانی کەنداو بکرێتەوە.
سۆدەرهۆلم ئاماژەی بەوەش کرد، راپۆرتەکان باس لە دەستبەسەرداگرتنی تاقیگەکانی کەپتاگۆن لە سووریا و لوبنان دەکەن و باس لە دۆخی هاوشێوەش لە وڵاتانی وەک عێراق، تورکیا، میسر، کوێت و سوودان دەکرێ.
لێکەوتەکانی رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد
بە گوێرەی راوێژکارەکەی ئاژانسی رووبەڕووبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان لە یەکێتیی ئەورووپا، دوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024، دەسەڵاتی نوێی راگوزەری سووریا چەندین کۆگا و ناوەندی گەورەی بەرهەمهێنانی تێکداوە و هەوڵی سنووردارکردنی گواستنەوەی مادە هۆشبەرەکانیشی داوە، بەڵام هێشتا زووە بڕیار لەسەر نەمانی کەپتاگۆن بدرێ.
ئەو راوێژکارە رایگەیاند، بەڵگەکان دەریدەخەن کە بازاڕەکە رووی لە وڵاتانی دراوسێ و تەنانەت ئەفریقاش کردووە و ناوەندی بەرهەمهێنانی مادەی هۆشبەر لە عێراق و تورکیا دەرکەوتوون.
سۆدەرهۆلم گوتی، تۆڕە تاوانکارییەکان توانای بەرزی خۆگونجاندنیان هەیە و ناوەندەکانی بەرهەمهێنانیان لە دەرەوەی سووریا و لوبنان کردووەتەوە.
سەبارەت بە هەوڵەکانی یەکێتیی ئەورووپا بۆ رێگری لە گواستنەوەی مادە هۆشبەرەکان لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە بۆ یەکێتیی ئەورووپا و کاریگەری ئەو هەوڵانە، سۆدەرهۆلم گوتی، "هەبوونی گوشار لەسەر یەک ناوچەی دیاریکراو وا دەکات تۆڕە تاوانکارییەکان بەرەو شوێنی دیکە هەڵبێن کە چاودێریی کەمتریان لەسەرە، هاوشێوەی ئەوەی لە ئەفغانستان روویدا و بەرهەمهێنان بۆ پاکستان و ئێران گوازرایەوە. گوشاری دەسەڵاتی راگوزەری سووریاش وایکردووە ئەم تۆڕانە روو لە وڵاتانی دەوروبەر بکەن. ئەم فراوانبوونە کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە قورستر دەکات، چونکە بەرهەمهێنان لە چەندین شوێنی نوێ و جیاوازدا دەبێت."
دۆخی عێراق؛ لە ترانزێتەوە بۆ بەکارهێنان و تاقیگەی ناوخۆیی
راوێژکارەکەی ئاژانسی رووبەڕووبوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی یەکێتیی ئەورووپا سەبارەت بە هەڕەشەکان لەسەر عێراق دەڵێت، لە رووی مێژووییەوە عێراق ناوەندێکی سەرەکی ترانزێت بووە بۆ تێپەڕبوونی هێرۆین و میسەمفیتامین لە ئەفغانستان و ئێرانەوە بەرەو تورکیا (نەک راستەوخۆ بۆ ئەورووپا).
بە گوتەی ئەو راوێژکارە، ئێستا روون نییە بەرهەمهێنان چەندە، بەڵام لێکۆڵینەوە تەندروستییەکان ئاماژە بە زیادبوونێکی مەترسیداری بەکارهێنانی ناوخۆیی مادە هۆشبەرەکان لە عێراقدا دەکەن، بەتایبەت میسەمفیتامین، کەپتاگۆن و ترامادۆڵ. ئەم بەرزبوونەوەی خواستە مەترسیی راکێشانی تۆڕە تاوانکارییەکان و دروستبوونی ناسەقامگیری زیاتر دەکات، کە پێویستی بە هەردوو رێکاری سەپاندنی یاسا و چارەسەری تەندروستیی گشتییە.
ستراتیژی یەکێتیی ئەورووپا بۆ رووبەڕووبوونەوەی دۆخەکە
لە کۆتایی ساڵی 2025دا کۆمیسیۆنی ئەورووپا ستراتیژیی نوێی رووبەڕووبوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی خستەڕوو، کە جەخت لەوە دەکاتەوە پرسەکە تەنیا سەپاندنی یاسا نییە، بەڵکو بابەتێکی تەندروستیی گشتییە.
ستراتیژییەکە کار لەسەر خۆپاراستن لە قوتابخانەکان، پێشکێشکردنی چارەسەر و هاوکاریی نێودەوڵەتی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەی یەکێتییەکە دەکات بۆ لێدانی تۆڕە تاوانکارییەکان.
هەر لە ستراتیژییەکەدا سەرنجێکی تایبەت خراوەتە سەر بازاڕی دیجیتاڵی، چونکە تۆڕەکان لە رێگەی ئامرازە دیجیتاڵییەکانەوە هاوئاهەنگی دەکەن و کڕیاران لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بازاڕە ئۆنلاینەکانەوە مادەکان دەستدەخەن، کە ئەمەش کارکردنی هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا کردووەتە پێویستی.


