رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی ئەنبار، هەواڵی بوونی کێڵگەی بەخێوکردن و فرۆشتنی گۆشتی بەرازی لە پارێزگاکە رەتکردەوە و رایگەیاند، ئەو دەنگۆیانە دوورن لە راستییەوە.
لە بەشێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە کە گوایە وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە پارێزگای ئەنبار دەستی بەسەر کارگە و کێڵگەیەکی بەخێوکردنی بەراز و فرۆشتنی گۆشتەکەیدا گرتووە، کە خاوەنەکەی موسەننا سامەڕائی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزمە.
محەممەد عادل قەیسی، گوتەبێژی تەندروستیی ئەنبار، ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ی ئەیلوولی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو هەواڵە بە تەواوی دوورە لە راستییەوە و هیچ بنەمایەکی نییە."
پارێزگای ئەنبار دەکەوێتە رۆژئاوای عێراق و لە رووی رووبەرەوە گەورەترین پارێزگای وڵاتەکەیە. دانیشتووانەکەی موسڵمانی سوننە مەزهەبن و خواردنی گۆشتی بەراز بەگوێرەی شەریعەتی ئیسلام حەرامە.
گوتەبێژی تەندروستیی ئەنبار روونیکردەوە، بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە زانیارییە چەواشەکارانە دەبێتە هۆی شێواندنی رای گشتی و زیان بە کاری دامەزراوە تەندروستییەکان دەگەیێنێت. داواشی لە دەزگاکانی راگەیاندن و هاووڵاتییان کرد ورد بن و زانیاری لە سەرچاوە فەرمییە باوەڕپێکراوەکانەوە وەربگرن و ئەو هەواڵانەی لە پەیجە نافەرمییەکانەوە بڵاودەکرێنەوە، بڵاوی نەکەنەوە.
رۆژی دووشەممە 14ی ئەیلوولی 2026، دادگەی تاوانەکانی نەجەف سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر کەسێکدا سەپاند کە گۆشتی بەرازی بە نرخێکی هەرزان و بە ناوی گۆشتی گوێرەکەوە بە هاووڵاتییان فرۆشتبوو.
بەگوێرەی راگەیێندراوی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، تۆمەتبارەکە لە ناحیەی حوڕییەی سەر بە قەزای کوفە لە پارێزگای نەجەف دەستگیرکراوە و دەست بەسەر 75 کیلۆگرام گۆشتی بەرازیشدا گیراوە. تۆمەتبارەکە گۆشتەکەی بە هاووڵاتییان فرۆشتبوو و پێی گوتبوون کە گۆشتی گوێرەکەیە، بەڵام دواتر دەرکەوتبوو کە گۆشتی بەرازە.
8ی ئەیلوولی 2026، هەواڵی دەستگیرکردنی ئەو گۆشتفرۆشە بڵاوکرایەوە و گوترا، لەلایەن هێزێکی هەواڵگرییەوە دەستگیرکراوە و لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە کە بەرازی راو کردبوو و دواتر گۆشتەکەی بە خەڵک فرۆشتبوو.
سزاکەی بەگوێرەی بڕیاری 146ی ساڵی 1998 دەرکراوە، کە تایبەتە بە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو خۆراکانەی زیانبەخشن بۆ تەندروستیی گشتی.


