رووداو دیجیتاڵ
بازاڕی شۆرجە لە بەغدا، کە بە شادەماری ئابووریی عێراق دادەنرێت، بەهۆی
شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە، نرخی کاڵا و پێداویستییەکان تێیدا بەشێوەیەکی بەرچاو
بەرزبووەتەوە. بەراورد بە شەش مانگی رابردوو، تەنیا نرخی یەک فەردە برنج 20 هەزار دینار
زیادی کردووە، بازرگانانیش دەڵێن، خەڵک توانای کڕینی نەماوە.
بازرگانان و خاوەن دوکانەکانی بازاڕی شۆرجە، بێزارن لە بەرزبوونەوەی نرخەکان.
جاسم محەممەد، دوکاندارە و دەڵێت، "نرخەکان شۆکهێنەرن بۆمان، بۆ
نموونە هەموو بارێکمان پێنج تاوەکو شەش هەزار دیناری چووەتە سەر. هەموو خواردەمەنییەک
گران بووە. پێشتر باش بوو، نرخ گونجاو بوو. ئەمەش کاریگەری لەسەر هاووڵاتی دەبێت، خەڵکی
هەژار و کاسبکار ناتوانن وەک پێشوو کەلوپەلی زیادە بکڕن و هەڵیبگرن، دێن کیلۆیەک یان
دووان دەکڕن بەشی پێداویستیی خۆیان."
عەبدوڵڵا جەبر، دوکاندارێکی دیکەیە و باس لەوە دەکات، "دوای ئەوەی
دوێنێ بۆردوومانی سعودیە کرا، ئەمڕۆ سنوورەکان داخران و نرخەکانیان بەرزکردەوە. لێپرسینەوە
نییە، پلانی ستراتیژی لە وڵاتدا نییە تاوەکو ئابووری لەسەر بنیاد بنرێت و پشتی پێببەسترێت
بۆ پاراستنی بژێوی هاووڵاتییان. لیژنەکانی لێپرسینەوەی بازاڕ و ئابووری گوێی پێنادەن،
وەزارەت و پەرلەمانتارەکانیش ئاگایان لە هیچ نییە."
لە هەر جووڵەیەکی بازرگانی لە بازاڕ و گۆڕانکارییەک لە نرخی کەلوپەلەکاندا،
قوربانیی یەکەم هاووڵاتییە و هەر ئەو باجەکەی دەدات. بیانووی ئەمڕۆی بازرگانان بۆ بەرزبوونەوەی
نرخەکان، بوونی شەڕی ئێران و ئەمریکا و زیادکردنی باجی گومرگییە.
کارزان کەمال، هاووڵاتییەکە و دەڵێت، "نرخ هەڵئاوساوە، بۆ نموونە
ئەمڕۆ من گوریسم کڕیوە، بە دوکاندارەکەم گوت ئەوە نرخی هەزار دینارە، گوتی نا بووەتە
دوو هەزار و ئەو نرخەی پێشوو نەما. نرخەکان بەردەوام بەرزدەبنەوە، کەلوپەلەکان هاوردە
ناکرێن، ئەوەش بەهۆی قەیرانەکانی گەرووی هورمزەوەیە یان بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاریش
کاریگەری دەکاتە سەر بازاڕ و نرخەکان."
جەبریە حوسێن، هاووڵاتییەکی دیکەیە و دەڵێت، "کاتێک دەچیتە بازاڕ،
بەپێی توانای خۆت پێداویستی دەکڕیت، ئەوەی توانای نەبێت تەنیا سەیری کەلوپەلەکان دەکات
و هیچ ناکڕێت و بەدەستی خاڵی دەگەڕێتەوە. پێداویستییەکانی رۆژانە بە زەحمەت دابین دەکەین.
لە بازاڕدا کاڵا هەیە، بەڵام پارە نییە و نرخ گرانە."
گرانبوونی نرخی شتومەک، بەرهەمە خۆماڵییەکانیشی گرتووەتەوە. پێشتر کیلۆیەک
ساوەر کە لە موسڵ بەرهەمدەهێنرا بە دوو هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا بووە بە سێ هەزار
دینار، ئەمەش گومانی لە هۆکارەکانی پشتی بەرزبوونەوەی نرخەکان لای هاووڵاتییان دروستکردووە.


