رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێ، لە وەرزی لووتکەی خواستدا عێراق پێویستی بە 60 هەزار مێگاوات کارەبایە، لە کاتێکدا بەرهەمهێنانی ئێستا 24 هەزار مێگاواتە و تێکڕای پێدانی کارەبای نیشتمانی لە بەغدا و زۆربەی پارێزگاکان گەیشتووەتە 12 کاژێر لە رۆژێکدا؛ ئاماژە بەوەش دەکات، 1,400 مێگاوات کارەبا لە هەرێمی کوردستان وەردەگرن.
رۆژی هەینی، 11ی ئەیلوولی 2026، ئەحمەد جیاد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێستا بەرهەمهێنانی کارەبامان 24 هەزار مێگاواتە، بەڵام پێداویستیی عێراق لە لووتکەی بەکارهێنانی هاووڵاتییاندا دەگاتە 60 هەزار مێگاوات."
سەبارەت بە کاژێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی، ئەحمەد جیاد گوتی: "لە بەغدا و زۆربەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق، رۆژانە تێکڕا 12 کاژێر کارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتییان دەدرێ،" رەتیشی کردەوە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر کەمبوونەوەی کاژێرەکانی کارەبا هەبێت و ئاماژەی بەوە کرد کە پرسی قەیرانی سووتەمەنی تایبەتە بە وەزارەتی نەوت.
سەبارەت بە وەرگرتنی کارەبا لە هەرێمی کوردستانەوە، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا روونیکردەوە، پرۆسەکە بۆ بەهێزکردنی تۆڕی نیشتمانییە و گوتی: "ئەمە کڕین یان هاوردەکردن نییە، بەڵکو تۆڕی نیشتمانی بە بڕی 1,400 مێگاوات لە رێگەی وێستگە بەرهەمهێنەرەکانی هەرێمی کوردستانەوە بەهێز دەکەین."
لەبارەی پرۆژەکانی بەستنەوەی تۆڕی کارەبای عێراق بە وڵاتانی ناوچەکەوە، ئەحمەد جیاد وردەکاریی نوێی ئاشکرا کرد و گوتی: "ئێستا لە رێگەی هێڵی بەستنەوە لەگەڵ تورکیا، بڕی 300 مێگاوات کارەبا بۆ عێراق دابین دەکرێ. لە هێڵی بەستنەوەی هەرێمی لەگەڵ کوێت، عێراق 96%ـی بەشە نێوخۆییەکەی خۆی تەواو کردووە و تەنیا دوو تاوەری ماوە کە بڕیارە سەرەتای مانگی تشرینی دووەم تەواو بێت، بەڵام لە دیوی کوێتەوە کارەکان بەهۆی دۆخی ناوچەکەوە راگیراون."
باسی لەوەش کرد، گفتوگۆکان بۆ بەستنەوەی هێڵی ڤۆڵتیەی بەرز بە توانای گواستنەوەی 2,000 مێگاوات لەگەڵ سعودیە تەواو بوون و لە چاوەڕوانی سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری کارەبادان بۆ سعودیە، هاوکات چاوەڕوانی تەرخانکردنی بودجەی پێویستن بۆ واژۆکردنی گرێبەستەکە، کە ماوەی جێبەجێکردنی 24 مانگ دەخایێنێت.
لەوەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە وادەی پڕکردنەوەی تەواوەتیی پێویستیی نێوخۆیی بۆ کارەبا، گوتەبێژی وەزارەتەکە ئامادە نەبوو وادەیەکی دیاریکراو دەستنیشان بکات و گوتی: "وەزیر لە مانگی ئایارەوە پۆستەکەی وەرگرتووە، هەوڵی گەورە دەدەین بۆ کەمکردنەوەی کەلێنی نێوان خواستی پێویست و بڕی بەرهەمهێندراو."

