رووداو دیجیتاڵ
نووسراوێک لەبارەی دامەزراندنی یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان دەدرێتە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2027 جێی بکرێتەوە.
نووسراوەکە لەلایەن عومەر کۆچەر، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق و ئەندامى فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانەوە ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کراوە.
لەو نووسراوەدا داوا کراوە کە بڕگەیەک لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیدا دیاری بکرێ بۆ دامەزراندنی دەرچووانی یەکەمی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی یەکەمەکانی عێراق.
عومەر کۆچەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سەرۆکایەتی پەرلەمان نووسراوەکەمی ئاراستەی لیژنەی دارایی کردووە بۆ ئەوەی لە کاتی گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2027 وەک بڕگەیەک زیاد بکرێ."
بەگوێرەی نوسراوەکە، ئەو داواکارییە بە پشتبەستنە بە نووسراو و بڕیارێکی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ دامەزراندنی یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان.
عومەر کۆچەر رایگەیاند، زیاتر لە 16 هەزار کەس لە یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان دانەمەزراون و بەوپێیەی کە مووچە لە حکومەتی فیدراڵییەوە دەدرێ، بەگوێرەی یاسا مافی خۆیانە دابمەزرێندرێن.




