رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق هۆشداری دەداتە ئەو کەسانەی ژیری دەستکرد بۆ دروستکردنی ڤیدیۆی "نەشیاو و ئابڕووبەر" بەکاردێنن و دەڵێت:" بە هاوئاهەنگیی دادگە سزای قورسیان بەسەردا دەسەپێندرێ".
رۆژی شەممە، 5ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لیژنەی "نێوەڕۆکی نەشیاو" چاودێریی چەند هەوڵێکی کردووە تایبەت بە خراپ بەکارهێنانی ژیری دەستکرد بە مەبەستی دروستکردنی ڤیدیۆ و دەنگ یان وێنە کە لە رەفتاری گشتی لادەدەن.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم جۆرە نێوەڕۆکانە گوزارشت لە کولتوور و رەوشتی کۆمەڵگەی عێراق ناکەن، بۆیە "یاسا ئامادەیە بۆ ئەنجامدەرانی و رووبەڕووی سزای تووندی ئەو کەسانە."
لە راگەیێندراوەکەدا داوا لە هاووڵاتییان کراوە کە هاوکاریی دەزگا ئەمنییەکان بکەن و هەر هەژمارێک یان بابەتێکی لەو شێوەیەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بینی، لە رێگەی پلاتفۆرمی "بەلغ"ـەوە لە ماڵپەڕی "عەین عێراق" ئاگاداریان بکەنەوە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق باس لەوە دەکات کە بە "نهێنییەکی تەواو" مامەڵە لەگەڵ سکاڵاکان دەکەن.
وەزارەتەکە ماوەیەکە لە رێگەی لیژنەیەکی تایبەتەوە هەڵمەتێکی فراوانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو بابەتانە دەستپێکردووە کە بە "نێوەڕۆکی نەشیاو" ناویان دەبات.



