رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پەروەردەی عێراق رایگەیاند، سەتان دۆنم زەویی سەر وەزارەتەکەی بۆ ماوەی 40 ساڵ درابوون بە وەبەرهێنان و سەرجەمیانی راگرتووە و دەڵێت: "13 هەزار قوتابخانەی دیکەمان پێویستە."
ئەو گوتانەی عەبدولکەریم عەبتان جبووری، وەزیری پەروەردەی عێراق لە ماڵپەڕی وەزارەتەکەی بڵاوکراونەتەوە لەبارەی دۆخی قوتابخانەکان و موڵکەکانی وەزارەتەکەی.
جبووری دەڵێت: "کاتێک هاتم بۆ وەزارەتی پەروەردە شتێکی سەرسوڕهێنەرم بەدی کرد، کە ئەویش گرنگی نەدان بوو بە موڵکەکانی پەروەردە، زەوی دراوە بە وەبەرهێنان. من هەموو وەبەرهێنانەکانم لە وەزارەتی پەروەردە لە هەموو پارێزگاکان وەستاند. سەتان دۆنم زەوی بەناوی وەزارەتی پەروەردەوە بوون و درابوون بە وەبەرهێنان."
بە گوتەی وەزیری پەروەردەی عێراق، قوتابخانە هەیە لەناو نەخشەی بنەڕەتیی شارەکاندایە و لە شوێنی بازرگانی و لەسەر رێگەی بازرگانین و بە پاساوی رووخاندن و دووبارە دروستکردنەوە، یان بە پاساوی بەکەڵک نەهاتن دراون بە وەبەرهێنان بۆ ماوەی 30 بۆ 40 ساڵ.
بۆ خوێندنی ئەم ساڵی عێراق، زیاتر لە 12 ملیۆن قوتابی لە سەرجەم قۆناخەکان دەخوێنن کە 1.2 ملیۆن قوتابییان یەکەمجارە دەچنە قوتابخانە.
وەزیری پەروەردەی عێراق دەڵێت: "33 هەزار قوتابخانەمان هەیە وەک ناونیشان، بەڵام وەک ژێرخان و بینا 20 هەزار بینای قوتابخانەیە و 13 هەزار بینای قوتابخانەمان کەمە. 840 قوتابخانەمان کەرەڤانەیە، 102 قوتابخانەی قوڕمان هەیە، ئەمەش ناچاری دوو دەوامی و سێ دەوامی کردووین و قەرەباڵخیمان هەیە."



