رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دارایی عێراق داوا دەکات لیژنەکانی ئامادەکردنی بودجە و شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی دووقۆڵی بکەن و دەشڵێ، "شەفافیەت لە ئاشکراکردنی داهاتەکان مەرجی سەرەکییە بۆ گەیشتن بە بودجەیەکی ورد."
رۆژی پێنجشەممە، 3ـی ئەیلوولی 2026، فالح ساری، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی فراوانی کرد بۆ بەدواداچوونی پڕۆژەیاسای (بودجەی بەرنامە و بەجێگەیاندن). لە کۆبوونەوەکەدا پارێزگاری سەلاحەدین، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک پەرلەمانتار ئامادە بوون.
وەزیری دارایی رایگەیاند، عێراق هەنگاوی گەورەی ناوە بۆ گۆڕینی شێوازی داڕشتنی بودجە لە سیستمی کۆنەوە بۆ سیستمی "بەرنامە و کارایی"؛ کە تێیدا تەرخانکردنی پارە تەنیا بۆ کڕین نییە، بەڵکو بەستراوەتەوە بەو ئامانج و ئەنجامانەی کە لە پڕۆژەکاندا بەدەست دێن.
فالح ساری داواشی کرد لە چەند رۆژی داهاتوودا، کۆبوونەوەی دووقۆڵی لەنێوان لیژنەکانی ئامادەکردنی بودجە و شاندی هەرێمی کوردستان بکرێت. "شەفافیەتی تەواو لە ئاشکراکردنی داتاکان و داهاتەکان، مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ ئەوەی بگەینە بودجەیەکی ورد و دوور لە کێشە."
بودجەی بەرنامە و کارایی، خەرجییەکان بەگوێرەی سێکتەر جیا دەکاتەوە نەک وەزارەتەکان؛ هەر سێکتەرێک خەرجیی بۆ تەرخان دەکرێت و وابەستەی ئەنجامەکانی دەکرێت، کە دەبێت لە ماوەیەکی دیاریکراودا جێبەجێ بکرێت.
عێراق ساڵانێکی درێژە سیستمی بودجەی تەرخانکردن پەیڕەو دەکات، کە تێیدا تەنیا پارە بۆ فەرمانگەکان تەرخان دەکرێت بێ ئەوەی لێپرسینەوە لە ئەنجامی پڕۆژەکان بکرێت.
ئەم ساڵ عێراق یاسای بودجەی نەبوو کە لەسەر بنەمای یەک لەسەر دوازدەی خەرجیی 2025 کاری دەکرد؛ بەگوێرەی یاسای کارگێڕیی دارایی، پێویستە لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم پڕۆژەیاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان بکرێت و بەر لە کۆتایی ساڵیش پەسند بکرێت.
.jpg&w=3840&q=75)