رووداو دیجیتاڵ
کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر بە فەرمی بەخێرهاتنی ستیڤن ڤەیگن دەکاتەوە بۆ عێراق، کە وەک کاربەڕێکەری نوێی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا دەستبەکار دەبێت. کۆنسووڵخانەکە دەڵێت، شارەزایی ڤەیگن لەبارەی هەرێمی کوردستان یارمەتیدەرێکی باشی دەبێت بۆ بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییەکانی واشنتن لە تەواوی عێراقدا.
رۆژی چوارشەممە 2ـی ئەیلوولی 2026، کۆنسووڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر لە راگەیێنراوێکدا خۆشحاڵیی خۆی بە گەڕانەوەی ئەو دیپلۆماتە بۆ عێراق دەربڕی و رایگەیاند: "زۆربەمان لە هەولێر بە خۆشییەوە باڵیۆز ڤەیگنمان وەک کۆنسووڵی گشتی لە ساڵی 2018 تاوەکو 2020 لەبیرە، کاتێک کاری دەکرد بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان."
کۆنسووڵخانەکە ئاماژەی بەوە کرد، ئەو ئەزموونەی ڤەیگن لە هەرێمی کوردستان هەیبووە، "یارمەتیدەرێکی باشی دەبێت کاتێک بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە سەرتاسەری عێراقدا بەرەوپێش دەبات، بە هەرێمی کوردستانیشەوە."
هاوکات باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق تیشکی خستووەتە سەر کاروانی پیشەیی ستیڤن ڤەیگن و ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەو دوای تەواوکردنی ئەرکەکەی وەک باڵیۆزی ئەمریکا لە یەمەن، دەگەڕێتەوە بۆ بەغدا.
باڵیۆزخانەکە لە راگەیێنراوێکدا دەڵێت: "باڵیۆز ڤەیگن شارەزاییەکی فراوانی ناوچەیی لەگەڵ خۆی دەهێنێت کە بەشدار دەبێت لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و عێراق."
بەگوێرەی باڵیۆزخانەکە، ئەرکی سەرەکیی ستیڤن ڤەیگن لەم قۆناخەدا، کارکردن دەبێت بۆ پەرەپێدانی هاوبەشییە ستراتیژییەکانی نێوان واشنتن و بەغدا، بە جۆرێک کە سوودی دوولایەنە بۆ گەلانی ئەمریکا و عێراق دابین بکات.
پۆستەکانی ستیڤن ڤەیگن لە ناوچەکەدا:
2018 تاوەکو 2020: کۆنسووڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر.
2020 تاوەکو 2021: جێگری سەرۆکی نێردەی دیپلۆماسیی ئەمریکا لە بەغدا.
2022 تاوەکو 2026: باڵیۆزی ئەمریکا لە یەمەن.
ئەیلوولی 2026: دەستبەکاربوون وەک کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا.

