رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی باڵای سەرپەرشتیاری پڕۆژەی (1 ملیۆن پارچە زەوی) لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێ، لە چەند رۆژی داهاتوودا کارە جێبەجێکارییەکان لەو پارێزگایانەی زەوییەکانیان ئامادەیە، دەستپێدەکەن و مانگی داهاتوو پلاتفۆرمێکی دیجیتاڵیی گشتگیر رادەگەیێندرێ .
بەگوێرەی راگەیێندراوی رۆژی چوارشەممە 2ی ئەیلوولی 2026 نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی رێنماییەکانی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقە بۆ (دەستپێشخەریی دابینکردنی 1 ملیۆن پارچە زەویی نیشتەجێبوون کە خزمەتگوزاریی سەرەکییان بۆ دابین کرابێت). ئەمەش پاڵپشت بە بڕیاری ژمارە 24108ـی ئەنجوومەنی وەزیران کە لە 30ـی حوزەیرانی 2026 دەرچووە.
لیژنە تایبەتمەندەکان توانیویانە 216 هەزار پارچە زەویی نیشتەجێبوون لە 6 پارێزگای عێراق ئامادە بکەن. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەم زەوییانە ئامادەن بۆ ئەوەی دەستبەجێ کارەکانی پەرەپێدانی خانووبەرە و جێبەجێکردنی خزمەتگوزارییەکانی ژێرخانیان تێدا دەستپێبکات، هاوکات کارەکان بەردەوامن بۆ ئامادەکردنی تەواوی زەوییەکانی دیکە لە پارێزگاکانی دیکە."
حکومەت بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە چەند لیژنەیەکی پسپۆڕی لە سەرۆکایەتیی وەزیران و پارێزگاکان پێکهێنابوو. ئەرکی ئەم لیژنانە داڕشتنی بنەما یاسایی، تەکنیکی و ئابوورییەکان بووە بۆ ئەوەی پڕۆژەکە وەک دەستپێشخەرییەکانی پێشوو تووشی شکستی تەکنیکی یان یاسایی نەبێت.
بۆ ئەوەی پڕۆژەکە بەردەوام بێت، حکومەت پەنای بۆ مۆدێلێکی ئابووریی نوێ بردووە. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی ئەنجوومەنی وەزیراندا چەند بڕیارێکی گرنگ دراون، کە بنەماکەیان لەسەر هاوئاهەنگی و هاوکاریی کارا بووە لەگەڵ ژمارەیەک بازرگان و وەبەرهێنەری نیشتمانی.
ئەو وەبەرهێنەرانە ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ ئەوەی بەرپرسیاریێتییەکان لەگەڵ حکومەت دابەش بکەن، جا لە رێگەی بەخشین بێت یان بەشداریکردن لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ژێرخانی ئەو زەوییانەدا.
نووسینگەی سەرۆکوەزیران روونیکردووەتەوە کە "لە مانگی داهاتوودا (تشرینی یەکەم)، پلاتفۆرمێکی دیجیتاڵیی گشتگیر رادەگەیێندرێ بۆ وەرگرتنی داواکاریی ئەو هاووڵاتییانەی کە لە توێژە ئامانجدارەکانن."
حکومەت لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا جەختی لە "پابەندبوونی رەها"ی خۆی کردووەتەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەم دەستپێشخەرییە لە هەموو پارێزگاکانی عێراق. ئامانجی سەرەکی بریتییە لە نەهێشتنی دیاردەی "خانووی زێدەڕۆ" کە لەگەڵ شکۆ و کەرامەتی هاووڵاتیی عێراقیدا ناگونجێت.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "حکومەت سوورە لەسەر ئەوەی ئەم دەستپێشخەرییە پێشەنگە ببێتە بنەمایەکی پتەو بۆ پڕۆژەکانی دیکە، بە جۆرێک کە قەیرانی نیشتەجێبوون بەتایبەت بۆ چینە هەژار و بێبەشەکان چارەسەر بکات و ژیانێکی شایستە بۆ رۆڵەکانی گەلەکەمان دابین بکات."


