رووداو دیجتیاڵ
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی عێراق دەڵێ، ئاسمانی عێراق کراوەیە.
جیهاد دیوان، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 2ی ئەیلوولی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئاسمانی عێراق کراوەیە و بە هیچ شێوەیەک دانەخراوە".
ئەمە لەکاتێکدایە بەهۆی پێشهاتەکانی ناوچەکەوە، شەوی رابردوو سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران بۆ عێراق هەڵوەشانەوە.
ئەحمەد وەحید، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی کارگێڕیی فڕۆکەخانەکانی عێراق، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ فڕۆکەخانەکانی عێراق هەڵوەشاونەتەوە، ئەوەش بەهۆی داخستنی ئاسمانی ئێران لە ئەنجامی پێشهاتە ئەمنییەکانەوە.
هەر لەو بارەیەوە، عامر توفەیلی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرجەم گەشتەکان لە ئێرانەوە بۆ فڕۆکەخانەی نەجەف هەڵوەشاونەتەوە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف، رۆژانە 15 بۆ 20 گەشتی ئاسمانی لە ئێرانەوە بۆ فڕۆکەخانەی نەجەف دەکرێن، کە سەرجەمیان لە رێگەی هێڵە ئاسمانییەکانی ئێرانەوەن و هێڵی ئاسمانیی عێراقی لە فڕۆکەخانەی نەجەفەوە هیچ گەشتێکی بۆ ئێران نییە.
هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ئێوارەی رۆژی سێشەممە دەستیان پێکردەوە و ئەمریکا گوتی، وەک وەڵامێک بووە بۆ هەوڵە نوێیەکانی تاران بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان و سەربازانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
لە وەڵامی ئەم هێرشانەدا، سوپای پاسداران و هێزە چەکدارەکانی ئێران هێرشی چڕیان کردە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.



