رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق کۆتاییهاتنی قۆناخی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ پێنج هەزار و 704 تۆمەتباری دەستگیرکراوی داعش راگەیاند، کە لە سووریاوە گەڕێندراونەتەوە. ئاشکراشی دەکات کە تۆمەتبارەکان هەڵگری 67 رەگەزنامەی جیاوازن و هەندێکیان دەستیان لە دۆسیەی بە کەنیزەککردنی کچانی ئێزدیدا هەبووە.
نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، رۆژی سێشەممە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "دادگەی لێکۆڵینەوەی یەکەمی کەرخ، قۆناخی وەرگرتنی گوتەی پێنج هەزار و 704 تۆمەتباری لە ئەندامە تیرۆریستییەکانی داعش تەواو کردووە کە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریاوە بۆ عێراق گواسترابوونەوە."
ئەنجوومەنەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێستا دۆسیەکە چووەتە قۆناخی دادگەییکردن و رایگەیاندووە: "ئەمە گۆڕانکارییەکی سەرەکییە لە یەکێک لە گەورەترین دۆسیە دادوەری و لێکۆڵینەوەییەکانی تایبەت بە داعش، کە بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، فایەق زێدان بەڕێوەدەچێت."
تۆمەتبارەکان هەڵگری 67 رەگەزنامەی جیاوازن
بەپێی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، لێکۆڵینەوەکان لە شوباتی 2026ـەوە دەستیان پێکردووە و دەرکەوتووە تۆمەتبارەکان خەڵکی 67 وڵاتی جیاوازن، "سێ هەزار و 497ـی سووری، 474 عێراقی، هەڵگری 16 وڵاتینامەی عەرەبی، هەڵگری 19 وڵاتینامەی ئەورووپی و هەڵگری 32 وڵاتینامەی دیکەشیان تێدایە."
ئەنجوومەنەکە دەڵێت: "لێکۆڵینەوەکان بوونە هۆی ئاشکراکردنی چەندین چەکداری مەترسیدار کە پۆستی سەرکردایەتی، ئەمنی، شەرعی، سەربازی یان میدیاییان هەبووە و پەیوەندییان بە کردەوەی تێرۆریستیی نێودەوڵەتییەوە هەبووە."
دۆسیەی کچانی ئێزدی و سزادانی تاوانباران
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "شەش تۆمەتبار دەستنیشانکراون کە ناویان لە دۆسیەکانی پەیوەست بە کەنیزەککردنی کچانی ئێزدی، دەستبەسەرکردن، گواستنەوە، فرۆشتن یان سەرپەرشتیکردنی سیستمی کۆیلایەتیی داعشدا هاتووە."
لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست، هەندێک لە دەستبەسەرکراوەکان ئازادکراون، "تۆمەتبارێکی فینلەندی رادەستی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی و تۆمەتبارێکی ئەمریکیش رادەستی دەسەڵاتدارانی ئەمریکا کراوەتەوە، هەروەها حەوت دەستبەسەرکراوی عێراقیش ئازادکراون."
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە، "رێکارەکان بۆ ئازادکردنی 457 دەستبەسەرکراوی سووری تەواو کراون کە بەڵگەی پێویستیان لەسەر نەبووە، بۆ ئەو مەبەستەش هاوئاهەنگی لەگەڵ باڵیۆزخانەی سووریا لە بەغدا کراوە بۆ رادەستکردنەوەیان."
دادگەییکردن بە سیستمی "ڤیدیۆ کۆنفرانس"
سەبارەت بە شێوازی دادگەییکردنەکان، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری رایگەیاندووە، "هۆڵێکی دادگاییکردن لەڕێگەی پەیوەندیی تەلەڤزیۆنیی داخراو و پەیوەندیی ڤیدیۆیی راستەوخۆ ئامادە کراوە، تاوەکو ئەو تۆمەتبارانەی مەترسیی ئەمنیی گەورەیان هەیە لە نێو زیندانەکانەوە بەشداریی دانیشتنەکانی دادگە بکەن و مەترسیی گواستنەوەیان کەم بکرێتەوە."
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری جەختی کردووەتەوە کە هەموو رێکارەکان بەپێی یاسای دژە تیرۆری ساڵی 2005 و یاسای سزادانی عێراقی بەڕێوەدەچن و پارێزەر بۆ هەموو تۆمەتبارەکان دابین کراوە، هەروەها رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی و نێردە دیپلۆماسییەکانی وڵاتان سەردانی دەستبەسەرکراوەکانیان کردووە بۆ دڵنیابوونەوە لە دۆخی مرۆییان.
لە 21ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئۆپەراسیۆنی گواستنەوەی ئەو دەستگیرکراوانەی داعشی لە سووریاوە بۆ نێو خاکی عێراق دەستپێکرد.


