رووداو دیجیتاڵ
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا 40 لیتر گازی پاڵپشتیکراو بۆ هەر کاژێرێک کارکردن بدرێتە موەلیدە ئەهلییەکان، هەر لیترێکی بە 400 دینارە، ئەوەش بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەی نەبوونی گاز، کە بەهۆیەوە موەلیدە ئەهلییەکان لە عێراق کارکردنیان راگرت.
سێشەممە 1ی ئەیلوولی 2026، نووسینگەی رۆژنامەڤانیی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، عەلی فالح زەیدی فەرمانی دا 40 لیتر گاز بۆ موەلیدە ئەهلییەکان دابین بکرێت، بۆ هەر کاژێرێک کارکردن.
نرخی ئەو گازەی بەگوێرەی بڕیارەکە بۆ موەلیدە ئەهلییەکان دابین دەکرێت پاڵپشتیکراوە و هەر لیترێکی بە 400 دینارە، کە لە بازاڕی رەشدا نرخەکەی زیاتر لە دوو ئەوەندەیە.
نووسینگەی رۆژنامەڤانیی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، بڕیارەکە بۆ مانگی ئەیلوولە و پێویستە بە هەردوو کارەبای موەلیدە و نیشتمانی، رۆژانە 20 کاژێر کارەبا بدەنە هاووڵاتییان.
ئەو بڕیارەی عەلی فالح زەیدی لەدوای ئەوە بوو، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە موەلیدە ئەهلییەکان لە عێراق کارکردنیان راگرت و موەلیدەکانیان کوژاندەوە، ئەمەش وەک نارەزایەتییەک لەدژی گرانبوونی گاز و دەستەبەرنەکردنی لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە، لەگەڵ هەژمارکردنی باج لەسەریان لە 1ی ئەیلوولەوە.



