رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی هاوبەشیی نێوان وەزارەتی نەوت و کۆمپانیاکانی جێبەجێکاری پڕۆژەى بۆریی بەسرە- حەدیسە- کەرکووک- بانیاس کە ئێستا نوێنەریان لەعێراقە، پێشنیاز بۆ شێوازی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە ئامادە دەکەن، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، تەواوبوونی پڕۆژەکە دوو بۆ سێ ساڵ دەخایەنێت.
نوێنەری هاوپەیمانیی کۆمپانیا وەبەرهێنەرە جیهانییەکان کە کۆمپانیاکانی شیفرۆن، ئای تی کاپیتال و یو سی سی دەگرێتەوە لە عێراقن، لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا چەند کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی نەوت کردووە لەبارەی پڕۆژەی راکێشانی بۆریی گواستنەوە و هەناردەی نەوتی بەسرە- حەدیسە- کەرکووک- بانیاس.
سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نوێنەری کۆمپانیاکان لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی بەسرە کۆبوونەتەوە، لە رێی ئەو کۆبوونەوانە و لیژنە هاوبەشەکانی نێوانیان پێشنیازێک پێشکێش دەکرێت لە بارەی پڕۆژەکە و شێوازی جێبەجێکردنی.
پڕۆژەکە بریتییە لە راکێشانی بۆریی سەرەکیی نەوتی خاوە لە کێڵگەکانی نەوتی بەسرەوە بۆ شاری حەدیسەی ئەنبار و لەوێوە دەبەسترێتەوە بە کێڵگەکانی کەرکووک، پاشان دەچێت بۆ بەندەری بانیاسی سووریا.
پڕۆژەکە بۆ گەیاندنی نەوتە لە ناوخۆدا بە پاڵاوگەکان، لە هەمان کاتدا هەناردەکردنی بەشێکی دیکەیە بۆ دەرەوە کە لە دوای تەواوبوونی دەگاتە زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیل، سەلیم روکابی گوتی: "ماوەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دوو بۆ سێ ساڵ پێ دەچێت."
هەنگاونانی عێراق بۆ دۆزینەوەی رێگەی دیکەی هەناردەی نەوت بەهۆی دۆخی ئاڵۆزی تەنگەی هورمز بوو، کە لە دوای دروستبوونی جەنگ لە 28ی شوباتی ئەم ساڵ، هاتووچۆی کەشتییەکانی گواستنەوەی نەوت لەو تەنگەیەوە کێشەی تێکەوت.



