رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیێنێت، ئەم هەفتەیە گفتوگۆکانی تایبەت بە تەواوکردنی پێکهاتەی کابینەکەی کۆتایییان دێت. چوارچێوەی هاوئاهەنگیش جەخت لە خێراکردنی تێپەڕاندنی یاسای بودجە و یاسای حەشدی شەعبی دەکاتەوە.
رۆژی دووشەممە 31-08-2026، چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە ئامادەبوونی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی کرد. لە کۆبوونەوەکەدا زەیدی ئاشکرای کرد کە هەوڵەکان بۆ پڕکردنەوەی 9 پۆستی بەتاڵی وەزاری چڕکراونەتەوە و گوتی: "هەفتەی داهاتوو ناوی بەربژێرەکان رەوانەی پەرلەمان دەکەین بۆ ئەوەی دەنگیان لەسەر بدرێت."
لە 14ـی ئایاری ئەمساڵدا، تەنیا دەنگ لەسەر 14 بەربژێری کابینەکەی عەلی زەیدی درا، چوار بەربژێریان لە دەنگداندا رەتکرانەوە و متمانەیان وەرنەگرت، 5 وەزارەتی دیکەش بەربژێرەکانیان نەخرانە دەنگدانەوە.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە دۆخی دارایی عێراق. لە راگەیێنراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی باسی لە بارودۆخی ئابووریی وڵات کردووە لە سایەی لێکەوتەکانی شەڕ لە ناوچەکە و پەککەوتنی جووڵەی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز، کە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر داهاتەکان هەبووە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی جەختیان لە خێراکردنی کارەکان کردووەتەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەو یاسایانەی کە بە "گرنگ و بەپەلە" وەسف کراون، لە پێش هەمووشیانەوە یاسای بودجەی گشتی و یاسای حەشدی شەعبی، تاوەکو کارەکانی حکومەت لە رووی دارایی و یاساییەوە رێکبخرێنەوە.


