رووداو دیجیتاڵ
دادگەی ناوەندیی تاوانەکانی عێراق، سزای 15 ساڵ زیندانیکردنی بۆ تۆمەتبار (ئەمیر رەحیم جەبار لازم) دەرکرد، کە لەسەر دۆسیەی رفێنەرای شێلی کیتلسن-ی ژنە رۆژنامەنووسی ئەمریکی دەستگیرکراوە.
بەگوێرەی دادگەکە، بڕیارەکە کە رۆژی یەکشەممە 30-08-2026 دەرچووە، پشتئەستوور بووە بە ماددەکانی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و یاسای سزادانی عێراقی، لەسەر تاوانی "رفاندنی سکاڵاکار (شێلی رێنی کیتلسن / رەگەزنامە ئەمریکی) لە رێککەوتی (31-03-2026) لە ناوچەی سەعدوون لە پارێزگای بەغدا".
هەروەها سزاکە مافی "داواکردنی قەرەبووکردنەوەی" بۆ سکاڵاکار لە دادگە مەدەنییەکان پاراستووە، ئەوەش دوای ئەوەی سزاکە پلەی کۆتایی وەردەگرێت.
بەگوێرەی گوتەکانی شێلی کیتلسن، کە لە 23ی نیسانی 2026 لە گۆڤاری "زی ئەتلانتیک" بڵاوکراونەتەوە، "رۆژی 31-03-2026 لە یەکێک لە شەقامەکانی بەغدا رفێندراوە، کاتێک هەوڵیداوە تاکسییەک بگرێت بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسێکی حکومەتی عێراق کە ماوەیەکی درێژ بووە دەیناسێت".
ئاماژەی بەوەش کردووە، لە قاوەخانەیەک بووە کە کەسانی بەتەمەن رووی تێدەکەن، دواتر گەڕاوەتەوە هۆتێلەکەی بۆ ئەوەی جلوبەرگی فەرمی بۆ چاوپێکەوتنەکە لەبەر بکات، کامێرای چاودێری ئەو ساتەی تۆمارکردووە کە دوو پیاو بە زۆر سواری کورسیی دواوەی ئۆتۆمبێلێکی دەکەن.
بەگوێرەی کیتلسن، یەکێک لە رفێنەرەکان پێیگوتووە: "تۆ بێتاوانیت، ئێمە ئەوە دەزانین"، بەڵام روونیکردووەتەوە کە "ئێستا جەنگە و تۆش پاسپۆرتی ئەمریکیت پێیە".
کیتلسن، بەرەبەیانی رۆژی 8ی نیسان ئازادکرا، دوای ئەوەی چاوەکانی بەسترانەوە و بە چەند ئۆتۆمبێلێک گواسترایەوە، دواجار رادەستی هێزە فەرمییەکانی حکومەتی عێراق کرا و دواتر گواسترایەوە بۆ ناوچەی سەوزی بەغدا، لەوێ لەلایەن فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق پێشوازیی لێکرا.



