رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری نەینەوا، تاوەکو رۆژی سێشەممە مۆڵەتی داوەتە بەڕێوەبەری دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی پارێزگاکە بۆ ئەوەی کۆتایی بە قەیرانی بەنزین بهێنێت. یاریدەدەرێکی پارێزگاریش دەڵێت، رێگری لە قاچاخچێتی و گەندەڵی لە دابەشکردنی سووتەمەنیدا دەکرێت.
رەفعەت سمۆ، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا بۆ کاروباری کارگێڕی، رۆژی یەکشەممە، 30-8-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا لەگەڵ لیژنەی باڵای ئەمنی، لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگا و ژمارەیەک پەرلەمانتار دوێنێ کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی گرفتی دابەشکردنی بەنزین و دۆزینەوەی چارەسەرێکی بەپەلە."
لە کۆبوونەوەکەدا بە وردی هەڵوەستە لەسەر هۆکارەکانی قەیرانەکە کراوە. رەفعەت سمۆ، ئاماژەی بەوە کرد، باس لە "گەندەڵی، قاچاخچێتی و داخستنی نایاسایی وێستگەکان" کراوە.
بە گوتەی یاریدەدەری پارێزگار، عەبدولقادر دەخیل بەڕێوەبەری دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی راسپاردووە دەبێت تاوەکو رۆژی سێشەممە کێشەکە چارەسەر بکات، هاوکات فەرماندە ئەمنییەکانیشی ئەرکدار کردووە چاودێرییەکانیان تووندتر بکەن بۆ رێگریکردن لە هەر جۆرە قاچاخچێتییەکی سووتەمەنی .
یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان کە لە کۆبوونەوەکەدا باسکرا، داخستنی وێستگە ئەهلییەکان بوو. پارێزگاری نەینەوا ئاماژەی بەوە کرد هەندێک وێستگەی ئەهلی سەرەڕای ئەوەی بەنزینیان وەرگرتووە، بەڵام تەنیا تاوەکو کاژێر 10:00ی بەیانی کاردەکەن و دواتر دادەخرێن؛ لەکاتێکدا دەبێت تاوەکو دابەشکردنی تەواوی بەشە بەنزینەکەیان، کراوە بن.
شەوی رابردوو، پارێزگاری نەینەوا بە مەیدانی سەردانی وێستگەکانی سووتەمەنی کرد. لە سنووری پارێزگای نەینەوا 41 وێستگەی سووتەمەنی هەن (30 وێستگەی ئەهلی و 11 وێستگەی حکومی)، بڕیار دراوە کە دەبێت سەرجەمیان بەردەوام بن لە کارکردن بۆ ئەوەی قەرەباڵخی و قەیرانەکە کۆتایی پێبێت.



