رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027 ئاڵۆزە و پێناچێت حکومەت بتوانێت لە وادەی یاسایی خۆیدا رەوانەی پەرلەمانی بکات. دەشڵێت، شێوازی بودجەی ساڵی داهاتوو دەگۆڕدرێت بۆ "بودجەی بەرنامە."
د. جەمال کۆچەر، رۆژی یەکشەممە 30ـی ئابی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پڕۆژەیاسای بودجە ئاڵۆزە و ئامادەکردنی بەو ئاسانییە نییە کە وەزارەتی دارایی باسی دەکات. ئەستەمە حکومەت بتوانێت لە مانگی 10دا پڕۆژەکە رەوانەی پەرلەمان بکات، چونکە هێشتا لە وەزارەتی داراییە و کاتی پێویستە بۆ گەڵاڵەکردن، بەتایبەتی لەم دۆخە ئابوورییە و کەمبوونەوەی هەناردەی نەوتدا."
بەپێی یاسای کارگێڕیی دارایی، دەبێت حکومەت ساڵانە لە مانگی تشرینی یەکەمدا بودجە رەوانەی پەرلەمان بکات.
د. جەمال کۆچەر ئاماژەی بەوە کرد، بودجەی ساڵی 2027 جیاواز دەبێت و دەبێتە "بودجەی بەرنامە و کارایی"؛ وەک سەرەتاش لە وەزارەتی کارەبا و پارێزگاکانی سەلاحەدین و دیوانییە جێبەجێ دەکرێت و دواتر دەگشتێندرێت.
ئەم ساڵ عێراق یاسای بودجەی نییە. موزهر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی 28ـی ئەم مانگە بە رووداوی راگەیاند: "نرخی یەک بەرمیل نەوت لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 لە نێوان 50 بۆ 60 دۆلار دەبێت".
پێشتر فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ لیژنەی دارایی لە رۆژی 7ـی تەممووزی 2026 ئاماژەی بەوە کردبوو کە لە بودجەی نوێدا گرنگیی تایبەت بە وەزارەتی کارەبا دەدرێت.
بەگوتەی وەزیری دارایی، ئەو وەزارەتە لە ساڵانی رابردوودا پارەیەکی زۆری خەرج کردووە بەبێ ئەوەی ئەنجامی پێویستی هەبێت، بۆیە جێبەجێکردنی "بودجەی بەرنامە" لەو کەرتەدا بۆ مسۆگەرکردنی بەدەستهێنانی ئەنجامی کرداری و رێگریکردنە لە بەفیڕۆدانی سامانی گشتی.



