رووداو دیجیتاڵ
جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوا رایدەگەیێنێت، پارێزگاکەیان رووبەڕووی قەیرانێکی "راستەقینەی" سووتەمەنی بووەتەوە و هۆکارەکەشی بۆ کەمکردنەوەی پشکی بەنزین لەلایەن بەغداوە دەگەڕێنێتەوە. دەشڵێت، بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر موسڵ هەبووە و دیاردەی قاچاخچێتیی دروستکردووە.
غەزوان داودی، جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوا، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولرەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند: "پێداویستیی رۆژانەی پارێزگای نەینەوا 6 ملیۆن لیتر بەنزینە، بەڵام حکومەتی عێراق تەنیا 3 ملیۆن لیتر دەنێرێت؛ دوای هەوڵەکانمان تەنیا 200 هەزار لیتریان زیاد کردووە، کە ئەمەش هێشتا بەشمان ناکات."
کاریگەریی نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان
جێگری پارێزگاری نەینەوا ئاماژەی بەوە کرد، کە جیاوازیی نرخ لە نێوان موسڵ و هەرێمی کوردستان قەیرانەکەی قورستر کردووە و گوتی: "کاتێک نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان گران دەبێت، زۆر کەس لەوێوە دێنە موسڵ بۆ کڕینی بەنزین، ئەمەش قەرەباڵخییەکی زۆر لەسەر وێستگەکان دروست دەکات و رێگە بۆ قاچاخچێتی خۆش دەکات."
بۆ رێگریکردن لە خراپ بەکارهێنانی سووتەمەنی، ئیدارەی نەینەوا چەند رێکارێکی نوێی گرتووەتەبەر. غەزوان داودی ئاشکرای کرد، هێزەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لەسەر وێستگەکانی سووتەمەنی جێگیر کراون بۆ چاودێریکردنی پڕۆسەی دابەشکردن.
هەروەها جەختی لە تووندکردنەوەی سیستەمی کۆبۆن کردەوە و گوتی: "پێویستە ژمارەی ئۆتۆمبێل لەگەڵ کۆبۆنەکە یەک بگرێتەوە و چیدی رێگە نادرێت کەسانێک کوبۆنەکانیان بە کەسانی دیکە بفرۆشن."
جێگری پارێزگاری نەینەوا باسی لە دۆخی کارەبا کرد و رایگەیاند کە هیچ قەیرانێکیان لەو بوارەدا نییە. داودی سوپاسی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ هاوکارییەکانیان و گوتی: "نزیکەی 12 یەکەی ئیداریی سەر بە پارێزگای نەینەوا، کارەبایان لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ دابین دەکرێت، ئەوەش باری سەر شانی ئێمەی زۆر سووک کردووە."



