رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکان لە عێراق، ئاماری چالاکییەکانی ساڵی 2026ی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەم ساڵ دەستیان بەسەر زیاتر لە 2 تۆن مادەی هۆشبەردا گرتووە و دەیان تۆڕی نێودەوڵەتیی بازرگانییان هەڵوەشاندووەتەوە.
عەمید عەباس بەهادلی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە دەروونییەکانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 30ی ئابی 2026 ئاماری ئەم ساڵی بەڕێوەبەرایەتەییەکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نارد و دەڵێ، تاوەکو ئێستا هێزەکانیان دەستیان بەسەر 2 تۆن و 370 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا داگرتوە.
سەبارەت بەو کەسانەی بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون، عەمید عەباس بەهادلی رایگەیاند: "کۆی گشتیی ئەو کەسانەی سزایان بۆ دەرچووە، گەیشتووەتە 4 هەزار و 644 کەس، کە 69 کەسیان سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە و 267 کەسیش سزای زیندانیی تاهەتاییان بەسەردا سەپێندراوە."
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکە، لە ساڵی 2026دا کار بۆ بڕینی سەرچاوە سەرەکییەکانی مادەی هۆشبەر کراوە و 304 تۆڕی نێوخۆیی و 54 تۆڕی نێودەوڵەتی هەڵوەشێندراونەتەوە، هەروەها 21 ئۆپەراسیۆنی دەرەکی ئەنجامدراون و 43 فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی دەرکراون.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێ، لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکاندا 32 جار رووبەڕووبوونەوەی چەکداری لەنێوان هێزەکانیان و بازرگانانی مادەی هۆشبەر روویداوە؛ لە ئەنجامدا کارمەندێکی هێزە ئەمنییەکان کوژراوە و 31ـی دیکە بریندار بوون؛ هەروەها 3 بازرگانی مادەی هۆشبەر کوژراون و 23ـی دیکەش بریندار بوون.



