رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی پەرلەمانی عێراق دڵنیایی دەداتە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە مووچەی مانگەکانی داهاتووی ئەمساڵیان مسۆگەر کراوە. دەشڵێت، کێشەی کەمیی نەختینە تاوەکو ئاستێکی باش چارەسەر کراوە.
رۆژی شەممە 29ـی ئابی 2026، محەممەد نووری، یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "مووچەی ئەم ساڵ بەتەواوی لەلایەن حکومەتەوە مسۆگەر کراوە و هیچ مەترسییەک لەسەر دواکەوتنی مووچە نییە، چونکە بڕی پارەی پێویست تەرخان کراوە."
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی پەرلەمان، حکومەتی فیدراڵی لە رێگەی زیادکردنی هەناردەی نەوت و هەمەجۆرکردنی رێڕەوەکانی فرۆشتن، توانیویەتی پارەی پێویست بۆ مووچە دابین بکات. محەممەد نووری گوتیشی: "کێشەی کەمیی نەختینە بە رادەیەکی زۆر چارەسەر کراوە و چیدی کاریگەریی نەرێنی لەسەر دابەشکردنی مووچە نابێت."
سەبارەت بە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، یاریدەدەری ئەمینداری پەرلەمان ئاماژەی بەوە کرد، هیچ گرفتێک لە خەرجکردنی مووچەی ئەم ساڵی مووچەخۆرانی هەرێم دروست نابێت؛ بڕیاریشە دوای تەواوبوونی دابەشکردنی مووچەی وەزارەتە فیدراڵییەکان، پارەی مووچەی هەرێمی کوردستانیش خەرج بکرێت.
ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە هێشتا دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب لە بەغدا بە سستی بەڕێوە دەچێت. شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بە رووداوی گوت: "وەزارەتی دارایی لە 26ـی ئەم مانگەوە دەستی بە خەرجکردنی مووچە کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا وەزارەتی نەوت و چەند دامەزراوەیەکی کەم وەریان گرتووە و بەشی زۆری وەزارەتەکان هێشتا چاوەڕێی مووچەن."
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، رۆژی 23ـی ئابی 2026، لیستی مووچەی مانگی ئابی رەوانەی بەغدا کردووە، تاوەکو دوای وردبینیکردن، پارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت.



