رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی ئەمنیی کەتائیبی حیزبوڵڵا، وەڵامی لێدوانەکانی خەمیس خەنجەر دەداتەوە و بانگهێشتی دەکات بۆ سەردانی شارۆچکەی جەرفولسەخر. سەبارەت بە هێرشە هاوبەشەکەی سعودیە و ئەمریکاش بۆ سەر بنکە و پێگەکانی حەشدی شەعبی و گرووپەکان دەڵێت، پێشتر لەلایەن فالح فەیازەوە لە هێرشەکە ئاگادارکراونەتەوە.
رۆژی شەممە، 29ـی ئابی 2026، ئەبو موجاهید عەساف، بەرپرسی ئەمنیی کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراقی لە وەڵامی خەمیس خەنجەر سەبارەت بە دۆخی ئاوارەکانی جەرفولسەخر، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و بەشێوازێکی تەنزئامێز داوا لە خەمیس خەنجەر دەکات سەردانی شارۆچکەی جەرفولسەخر بکات و دەڵێت، "دووبارە بانگهێشت پێشکێش بە بەڕێز خەمیس خەنجەر دەکەین بۆ سەردانی مەدینەتولنەسر، بۆ ئەوەی پیرۆزبایی لە خەڵکەکەی بکات و پێکەوە نوێژی جەماعەت لەگەڵ عەشیرەتەکاندا بکەین."
ئەم وەڵامدانەوەیەی کەتائیبی حیزبوڵڵا دوای ئەوە دێت کە خەمیس خەنجەر، کەسایەتیی دیاری سوننە، چەندین جار دۆسیەی جەرفولسەخری وەک "کێشەیەکی مرۆیی گەورە" وروژاندووە.
خەمیس خەنجەر لە لێدوانەکانیدا رایگەیاندبوو، بەردەوامیی ئاوارەیی 120 هەزار کەس لە جەرفولسەخر، "تاوانی جەنگ و گۆڕینی دیمۆگرافیی وڵاتە."
ئەو بەرپرسە ئەمنییەی حیزبوڵڵا هەر بە تەنزەوە دەڵێت: "ئامادەین تێچووی بلیت و گەشتەکەی (خەمیس خەنجەر) لە هەر کوێیەک بێت، چ لە دەوحە بێت یان ئەستانە، دابینبکەین و بیپارێزین،" بۆ ئەوەی خەمیس خەنجەر سەردانی جەرفولسەخر بکات.
رۆژی 29ـی تەممووزی 2026، سعودیە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمریکا هێرشیکردە سەر ژمارەیەک بنکە و بارەگای حەشدی شەعبی لە ژمارەیەک پارێزگای جیاواز و لە ئەنجامدا 18 چەکداری حەشدی شەعبی کوژران.
ئەبو موجاهید عەساف نووسیویەتی، "دوای وەرگرتنی مۆڵەتی بڵاوکردنەوە لە حاجی فالح فەیاز، جەختدەکەینەوە، کە ئەو سەرکردایەتیی کەتائیبی حیزبوڵڵای ئاگادارکردووەتەوە لە بۆردوومانێکی ستەمکارانەی ئەمریکی - سعودی پێش ئەوەی رووبدات."
ئەو بەرپرسە ئەمنییە ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی ئەو ئاگادارکردنەوەیە توانراوە زیانەکان کەمبکرێنەوە و دەشڵێت، "لەو کاتەدا هەموو رێکارە خۆپارێزییە پێویستەکان گیرانەبەر."
سەبارەت بەو زانیارییانەی لای حەشدی شەعبی هەبوون، عەساف رایگەیاندووە، "وادیارە ئەو زانیارییانەی لای براکانی نێو حەشدی شەعبی هەبوون تەواو نەبوون؛ چونکە زانیارییەکانی ئەوان ئاماژەیان بەوە دەدا کە دەستدرێژییەکە تەنیا ئاراستەی کەتائیب یان برا ئازیزەکانمان لە گرووپەکانی بەرگریی ئیسلامی دەکرێت، وەک لایەنی پەرەپێدەری گرژییەکان."



