رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمان دەکات کارەکانی پرۆژەی بۆریی نەوتی ستراتیژی خێرابکرێن و رایدەگەیەنێت، ئەم پرۆژانە رێڕەوەکانی هەناردەکردن هەمەجۆر دەکەن. دەشڵێت، دەبێت وەزارەتی نەوت هەموو ئاسانکارییەک بۆ کۆمپانیا جێبەجێکارەکان بکات.
ئەمڕۆ شەممە، 29ـی ئابی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی کرد سەبارەت بە پرۆژەی "بۆریی نەوتی ستراتیژی"، کە تێیدا وەزیری نەوت، بەرپرسانی باڵای وەزارەت و نوێنەرانی کۆمپانیا جێبەجێکارەکان ئامادەبوون.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا وردەکاریی تەکنیکی و ئابووریی هەردوو هێڵی (بەسرە - حەدیسە - فیشخاپوور) و (حەدیسە - بانیاس) تاوتوێکراون. زەیدی جەختی لەسەر پێویستیی هەمەجۆرکردنی رێڕەوەکانی هەناردەکردن کردەوە و وەک "گرنگییەکی ستراتیژیی گەورە" بۆ ئابووریی عێراق وەسفیکردن.
لە کۆبوونەوەکەدا، عەلی فالح زەیدی فەرمانیکردووە بە خێراکردنی کارە کردەییەکانی پرۆژەکە و وەزارەتی نەوتی راسپاردووە: "باشترین ژینگە و پێداویستی بۆ کۆمپانیا جێبەجێکارەکان دابینبکەن تاوەکو پرۆژەکە بەپێی بەرزترین ستانداردە جیهانییەکان تەواوبکرێت."
پرۆژەی بۆریی نەوتی (بەسرە - حەدیسە - فیشخاپوور) یەکێکە لە پرۆژە گەورەکانی عێراق کە ئامانج لێی گواستنەوەی نەوتی باشوورە و بەستنەوەیەتی بە هێڵە نێودەوڵەتییەکان.
هاوکات هێڵی (حەدیسە - بانیاس) رێڕەوێکی گرنگ دەبێت بۆ گەیاندنی نەوتی عێراق بە کەناراوەکانی دەریای نێوەڕاست لەرێگەی خاکی سووریاوە، کە ئەمەش توانای هەناردەکردنی وڵات بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزدەکاتەوە.



