رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی عێراق قۆناخێکی نوێی وەرگرتنی هاووڵاتییانی بۆ نێو ریزەکانی سوپا راگەیاند و رێگە بۆ دەرچووانی قۆناخی ئامادەیی ( پۆلی 12) دەدرێ بۆ ئەوەی لە خولێکی تایبەتدا وەک پلەداری خوار ئەفسەر دابمەزرێن. ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، پڕۆسەکە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە و پشکی تایبەتیان بۆ تەرخان کراوە.
زانکۆی بەرگری بۆ خوێندنە سەربازییەکانی عێراق بڵاویکردەوە، دەرگای پێشکێشکردن بۆ خولیی پاشکۆی 115ی کۆلێژی سەربازی بۆ دەرچووانی ئامادەیی بە هەموو بەشەکانییەوە (زانستی، وێژەیی، بازرگانی و پیشەیی) کرایەوە.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 29ی ئابی 2026 بۆ تۆڕی میدیایی رووداو قسەی کرد و تیشکی خستە سەر وردەکارییەکانی خولەکە و گوتی: "ئەم خولە بۆ پلەکانی خوار ئەفسەرە، نەک ئەفسەر. هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە و گەنجانی ئێمە دەتوانن داواکاری پێشکێش بکەن، چونکە بۆ هەر پارێزگایەک لە عێراق و هەرێمی کوردستان پشک دیاری کراوە."
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگری، مەرجی کۆنمرە بۆ وەرگرتن بەم شێوەیەیە: دەرچووانی بەشی زانستی و وێژەیی پێویستە کۆنمرەیان لە 70% کەمتر نەبێت. بۆ بەشە پیشەییەکان وەک کارەبا، میکانیکی ئۆتۆمبێل، ئەلیکترۆنیک و کۆنترۆڵ، هەروەها بەشی بازرگانی، مەرجە کۆنمرەیان لە 80% کەمتر نەبێت.
پێشکێشکردن لە کاژێر 06:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 29ی ئابی 2026 دەستیپێکردووە و تاوەکو کۆتایی دەوامی فەرمیی رۆژی پێنجشەممە، 2ی ئەیلوولی 2026 بەردەوام دەبێت. خوازیاران بۆ داواکاری پێشکێشکردن دەتوانن سەردانی کۆلێژی سەربازی رۆستەمییە بکەن لە بەغدا.
تەمەنی خوازیار دەبێت لەنێوان 18 بۆ 22 ساڵدا بێت، واتە لەدایکبووی نێوان 1ی تشرینی یەکەمی 2002 تاوەکو 1ی تشرینی یەکەمی 2006 بێت.
ئەو کارمەندانەی ئێستا لە خزمەتدان و دەیانەوێ بەشداری لەم خولەدا بکەن، مەرجە پشتگیریی بەردەوامبوون لە خزمەت و هەڵسەنگاندنی فەرماندەکانیان پێ بێت.


