رووداو دیجیتاڵ
کوشتنی
ئەفسەرێکی پۆلیس لە کاتی بەجێهێنانی ئەرکەکەی بۆ لابردنی زیادەڕۆیی لە بەغدا،
کاردانەوەی توندی کەسوکارەکەی لێکەوتەوە؛ ئەوان داوا دەکەن خوێنی کوڕەکەیان بەفیڕۆ
نەڕوات و هۆکاری رەوانەکردنی بۆ ئەو ئەرکە مەترسیدارە ئاشکرا بکرێت.
هێزی لابردنی
زیادەڕۆیی لە ئەمانەتی بەغدا، دوامۆڵەتیان دابووە خاوەن خانووە زیادەڕۆکان، بەڵام
رووبەڕووی هەڕەشە بوونەوە و لە ئەنجامدا ئەفسەرێک بە پلەی عەمید کوژرا.
دایکی ئەفسەرە
کوژراوەکە بە چاوێکی پڕ لە فرمێسکەوە بە رووداوی گوت: "لە منداڵییەوە باوکی
شەهید بوو و هەر خۆم بە تەنیایی پەروەردەم کرد، تا گەورەم کرد دەردەسەریی زۆرم
بینی، ئێستا هاتوون بەبەرچاومەوە دەیکوژن! پێیان وتبوو تۆ چۆن پلەکەت
بەرزکراوەتەوە و پلەی ئێمە بەرز نەکراوەتەوە؟"
خوشکی
ئەفسەرەکە بە گومانەوە باس لە ناردنی براکەی دەکات بۆ ئەو ئەرکە و بە رووداوی
راگەیاند: "پێش چوار رۆژ لە کارەکەی ئینفیکاکیان بۆ کردبوو، بەڵام کاتژمێر
هەشتی بەیانی تەلەفۆنیان بۆ کرد و گوتیان ئەرکت بۆ دیاریکراوە و دەبێت پێیهەستیت.
ئەویش پێی گوتبوون ئینفیکاکم بۆ کراوە بۆ دەمنێرن؟ زوڵمیان لێکرد؛ کوڕەکەی لە
دوێنێوە 17 کاتژمێرە چاوەڕوانی هاتنەوەی باوکیەتی."
هاوکات کچی
ئەفسەرە کوژراوەکەش لەبارەی هۆکاری تاوانەکەوە بە رووداوی گوت: "ئەوان بە
زوڵم کوشتیان، چونکە دەترسان باوکم شوێنیان بگرێتەوە، بەڵام باوکم ئەوەی نەدەویست.
کاتێک باوکم دەسپرێرن بۆ ئەو ئەرکە پڕ لە مەترسییە، تەنیا بۆ ئەوە بووە
دووریبخەنەوە."
کەسوکاری
ئەفسەرەکە نیگەرانن لەوەی کە وڵاتەکە پڕ بووە لە چەکی دەرەوەی یاسا و بەرپرسانی
ئەمنییان بە کەمتەرخەم زانی لە دابینکردنی پاراستن بۆ عەمید هیشام.
خوشکەزای
ئەفسەرە کوژراوەکە بە رووداوی راگەیاند: "کوا دەزگای هەواڵگری و هێزە
ئەمنییەکان؟ بۆچیی هیچ کەسێک تەقەی لەو خەڵکە دەستدرێژیکارە نەکرد لە کاتێکدا سێ
پۆلیسیان بریندار کرد و دووانی دیکەشیان کوشت؟"
لەلایەکی
دیکەوە، خاڵی ئەفسەرەکە ئاماژە بەبوونی پلانی پێشوەختە دەکات و بە رووداوی گوت:
"پێویست بوو پاسەوان و هێزی پشتیوانیی لەگەڵ بێت، بەڵام هیچ هێزێکی لەگەڵ
نەبووە. کارەکە وا دەردەکەوێت کە پێشتر پلانی بۆ داڕێژرا بێت."
دوای رووداوەکە،
هێزە ئەمنییەکان ناوچەکەیان گەمارۆ دا و شەش تۆمەتباریان دەستگیرکرد، بەڵام
تەقەکەری سەرەکی کە بکوژی ئەفسەرەکەیە هەڵاتووە و تاوەکو ئێستا نەگیراوە.


