رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرنی عێراق بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵا دەگاتە دیمەشق و پێش گەیشتنی، ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا رایگەیاند، پێویستە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان عێراق و سووریا لەپێش پەیوەندییە سیاسییەکان بن. جەختیش دەکاتەوە لەوەی هەردوو وڵات خاوەنی پەیوەندیی مێژوویی و چارەنووسی هاوبەشن و سووریاش دەروازەیەکی دەریایی ستراتیژییە بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤزیۆنیدا کە کاژێر 23:00 شەوی رابردوو پەخشکرا رایگەیاند: "سووریا دەروازەیەکی دەریایی ستراتیژییە بۆ عێراق و رێگەیەکی ئاسانە بۆ گەیاندنی نەوتی عێراق بە دەریای نێوەڕاست".
ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێ سیاسەتی هەردوو وڵات لەسەر بنەمای خاڵە هاوبەشەکان بێت، رووبارەکانی دیجلە و فوراتیش هێمای هاوبەشیی ژیانن لەنێوان هەردوو گەلدا.
"هاتنم بۆ عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی داگیرکاری بوو"
سەبارەت بوونی ئەو لە ساڵانی پێشوو لە عێراق، شەرع روونیکردەوە کە هاتنی هێزەکانی ئەمریکا بۆ عێراق لە ساڵی 2003 هۆکاری سەرەکی بووە بۆ چوونی و رووبەڕووبوونەوەی "داگیرکاری"، جەختیشی کردەوە کە ئەو هەڵوێستەی پەیوەندیی بە هیچ لایەنێکی رێکخراوەیی یان دڵسۆزییەکەوە نەبووە، بەڵکو تەنیا لە سۆنگەی پاراستنی عێراق و خەڵکەکەیەوە بووە.
شەرع باسی لەوەش کرد کە لە ساڵی 2005 خراوەتە زیندانەوە و بەشداریی لە شەڕی تایفەگەریی ساڵی 2006ی عێراقدا نەکردووە، بەهۆی دابڕانیشی لە هەواڵەکان لەنێو زینداندا ئاگاداری رووداوەکان نەبووە، تاوەکو لە ساڵی 2011 ئازاد کراوە و هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی سووریا گەڕاوەتەوە بۆ وڵاتەکەی.
"جیاوازییەکی زۆر لەنێوان شەڕکەر و بکوژدا هەیە"
سەرۆکی سووریا باسی لە تایبەتمەندییەکانی گەلی عێراق کرد و گوتی: "عێراقییەکان خەڵکێکی بە شکۆ، بەبەخشندە، بوێر و چاونەترسن، ئەوەی لە مێژوودا لەبارەی دەستکراوەیی ئەوان خوێندبوومەوە، لە واقیعدا بینیم"، روونیشیکردەوە کە جیاوازییەکی زۆر لەنێوان چەکدار (شەڕکەر) و بکوژدا هەیە.
لەبارەی دۆخی ناوچەکە، شەرع هۆشداریدا لەوەی عێراق و سووریا بە قۆناخێکی مەترسیداردا تێدەپەڕن، بەڵام دەتوانن ببنە خاوەنی بڕیاری سەربەخۆی خۆیان و دەرفەت نەدەنە سیاسەتە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان وەک قۆناخەکانی پێشوو دەستوەردان لە کاروباریان بکەن.
سەرۆکی سووریا داوای هاوکاریی کرد بۆ رەخساندنی زەوینەی گونجاو بە مەبەستی گەڕانەوەی ئاوارەکان و پەرەپێدانی توانای مرۆیی. ئاماژەی بەوەش کرد، هەردوو وڵات توانای پێویستیان هەیە بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی بەهێز کە جێگەی رێزی هەمووان بێت. هاوکات هۆشداریدا لە زیادەڕۆیی لە دەستنیشانکردنی مەترسییە ئەمنییەکان، کە دەکرێت ببێتە هۆی لەدەستدانی دەرفەتەکان.
"فرەیی گرووپە چەکدارەکان دەوڵەت لاواز دەکات"
لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراق، شەرع ستایشی هەنگاوەکانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد لە پێداگریی لەسەر رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، داواشی لە کۆمەڵگە و هێزە سیاسییەکانی عێراق کرد پشتیوانی لە سەرۆکوەزیران بکەن.
ئەحمەد شەرع جەختی لەوەش کردەوە کە فرەیی باڵە سەربازییەکان و گرووپە چەکدارەکان دەوڵەت لاواز دەکەن نەک بیپارێزن، بڕیاری ئاشتی و شەڕیش یەکێکە لە مافە سەروەرییەکان و نابێت دەوڵەت دەستبەرداری ببێت، بەڵکو دەبێت تەنیا لە دەستی دەسەڵاتدارانی دەوڵەتدا بێت، بەرنامەی حکومەتی عێراقیش لە ئاراستەیەکی دروستدا هەنگاو دەنێت بۆ بەهێزکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و پاراستنی سەربەخۆیی بڕیارەکانی.
ئەو قسانەی ئەحمەد شەرع لە کاتێکدایە، بڕیارە عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا بە سەردانێکی فەرمی بگاتە دیمەشق و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆبێتەوە و پەیوەندییەکانی بەغدا و دیمەشق و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ بکەن.
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئەمنیی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی سێشەممە (27ی تشرینی یەکەمی 2026)، لە هەژمارەی ئێکسی خۆیدا بڵاویکردەوە: "سەردانەکانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کۆماری ئیسلامیی ئێران، شانشینی عەرەبیی سعودیە و شانشینی ئوردنی هاشمی، هەروەها سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی سبەی بۆ کۆماری عەرەبی سووریا، لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی عێراقە بۆ بەهێزکردنی رۆڵی بەغدا لە نێوەندگیریی هەرێمی و کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکان".
قاسم ئەعرەج باس لەوە دەکات کە "ئەم سیاسەتە لەسەر بنچینەی هەڵوێستێکی نەگۆڕی عێراقە کە گرژی و فراوانکردنی بازنەی ململانێکان رەتدەکاتەوە و پێداگری لەسەر دیالۆگ و رێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان دەکات، بەشێوەیەک کە پێگە و رۆڵی عێراق لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمیدا بەهێز بکات".
رۆژی دووشەممە 26ی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی زەیدی بە سەرۆکایەتیی شاندێک بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە عەممانی پایتەختی ئوردن و لەگەڵ شا عەبدوڵڵای دووەم کۆبووەوە، پتەوکردنی هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات، دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە، هەروەها ئەرک و بەرپرسیاریەتیی وڵاتانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد، ژمارەیەک یاداشتی لێکتێگەیشتنیش لەنێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ کران.


