رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی عێراق پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی سووریا دەکات بۆ تێکەڵبوونی ئەو هێزانە لەنێو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا و رایدەگەیەنێت: "ئەم هەنگاوە سەروەریی سووریا بەهێزتر دەکات."
رۆژی هەینی، 28ـی ئابی 2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "کۆماری عێراق پێشوازی لە ئەنجامە ئەرێنییەکانی گفتوگۆی نێوان سەرکردایەتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی سووریا دەکات، کە بووەتە هۆی یەکخستنی هێزە چەکدارەکان لەرێگەی بڕیاری تێکەڵکردنی هەسەدە لەنێو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریادا."
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم هەنگاوە و هەنگاوەکانی دیکە لەم چوارچێوەیەدا "گۆڕانکارییەکی گرنگن لە رێڕەوی چەسپاندنی سەقامگیری و بەهێزکردنی سەروەریی سووریا، ئەمەش دەبێتە هۆی فراوانکردنی بەشداری لە حوکمڕانی و بەدیهێنانی خواستەکانی گەلی سووریا بۆ ئاسایش و ئاشتی."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "کۆماری عێراق دووپاتیدەکاتەوە کە پشتیوانی لە هەموو ئەو هەوڵانە دەکات کە ئامانجیان پاراستنی یەکپارچەیی خاک و سەروەریی سووریایە، بەجۆرێک کە دامەزراوەکانی دەوڵەت ببنە چەترێکی کۆکەرەوە بۆ هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا."
رۆژی 25ـی ئابی 2026، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە رایگەیاند، هەسەدە وەک هێزێکی سەربازیی سەربەخۆ نامێنێت و تێکەڵی دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا بووە.


