رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا بڕیارە هەموو هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا تاوەکو 30ی ئەیلوول لە هەرێمی کوردستان و عێراق بکشێنەوە، بەرپرسێکی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هیچ وادەیەک بۆ کۆتاییهاتنی کاری هێزەکەی ئەوان لە عێراق دیاری نەکراوە و کارەکانیان "بەپێی پێویستییە؛" هەروەها رایگەیاند، لە مانگی ئادارەوە بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە "بەشێوەیەکی کاتی" تیمەکەیان لە عێراقەوە گواستووەتەوە بۆ ئیتاڵیا.
لە وەڵامی پرسیارێکی ئوسامە محەممەد، ئیدیتۆری دێسکی نێودەوڵەتیی بەشی ئینتەیکی تۆڕی میدیایی رووداو سەبارەت بە کارەکانیان لە عێراق، بەرپرسێکی ناتۆ رایگەیاند: "نێردەی ناتۆ لە عێراق نێردەیەکی راوێژکاریی شەڕنەکەرە و تایبەتە بە تواناسازی. نێردەکەمان یارمەتیی عێراق دەدات بۆ بونیاتنانی دامەزراوەی ئەمنی و هێزی سەربازیی بەتواناتر، شەفافتر، گشتگیر و کاراتر، ئەمەش لەپێناو سەقامگیرکردنی وڵاتەکەیان و شەڕی دژی تیرۆر و رێگریکردن لە گەڕانەوەی داعش."
بەرپرسەکەی ناتۆ کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ، ئاماژەی بەوە کرد کە نێردەکەیان راوێژ بە بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری، نووسینگەی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی فیدراڵیی و فەرماندەیی پۆلیسی فیدراڵی لە چوارچێوەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەدات.
سەبارەت بە شوێنی کارکردنیان لەم کاتەدا، بەرپرسەکەی ناتۆ بە رووداوی گوت: "لە 20ـی ئادارەوە، دوای گواستنەوەی نێردەکەمان بە شیوەیەکی کاتی بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە، نێردەی ناتۆ بۆ عێراق کارەکانی لە بارەگای فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکان لە ناپۆلی [لە ئیتاڵیا] جێبەجێ دەکات."
لەبارەی ماوەی مانەوەیشیان، بەرپرسەکە جەختی لەوە کردەوە کە "هیچ خشتەیەکی کاتیی پەیوەست بە نێردەی ناتۆ لە عێراق نییە. بەڵکو لەسەر بنەمای پێویستییە، بە شێوەیەکی خولاو پێداچوونەوەی بۆ دەکرێ و بەپێی پێشهاتەکان رێکدەخرێتەوە."
بەرپرسەکەی ناتۆ بۆ رووداو روونی کردەوە کە "سەرجەم هەوڵەکانی نێردەی ناتۆ لەسەر داواکاری و بە رەزامەندیی حکومەتی عێراق جێبەجێ دەکرێن و بە رێزگرتنی تەواوەتییەوە بۆ سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکرێن."



