رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای ناوەڕاست لە عێراق بە سێ ساڵ بەندکردن سزادرا، ئەمەش دوای ئەوەی تۆمەتی دەستکەوتنی سێ ملیار دیناری بە ناڕەوا بەسەردا ساخ بووەوە. هەر لە چوارچێوەی دۆسیەکەیدا دەست بەسەر چەند موڵکێکی هاوژینەکەیدا گیرا.
هەینی 28ی ئابی 2026، دەستەی دەستپاکتی عێراق لە راگەیێنراوێکدا وردەکاریی ئەو دۆسیەیەی بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی دەستەکە، ئەو بەرپرسەی کەرتی کارەبا یەک ملیار و 170 ملیۆن و 450 هەزار دینار و 203 هەزار دۆلاری بە ناڕەوا دەستکەوتووە.
دادگای بنبڕکردنی گەندەڵی عێراق بڕیاریداوە، جگە لەوەی ئەو بەرپرسە بە سێ ساڵ بەندکردن سزا بدات، پێویستە ئەو بڕە پارەیەش بگەڕێنێتەوە کە بە ناڕەوا دەستی کەوتووە، ئەگەر ماوەی سزاکەشی تەواو بکات ئازاد ناکرێت تاوەکو ئەو بڕە پارەیە دەگەڕێنێتەوە.
یەکێک لە بڕیارەکانی دیکەی دادگا لەبارەی ئەو دۆسیەیەی گەندەڵی ئەوەیە کە دەست بەسەر پشکی هاوژینەکەیدا بگیرێت لە موڵکێکدا لەگەڵ شوقەیەک کە لە بەغدایە، بەهای هەردوو موڵکەکە بە یەک ملیار و 100 ملیۆن دینار خەمڵێنراوە.
بە گوێرەی دەستەی دەستپاکی هەر لە دۆسیەکەدا دەست بەسەر دوو ئۆتۆمبێلدا گیراوە، کە بەهاکەیان 223 هەزار دۆلارە. موڵکەکان و ئۆتۆمبێلەکان رادەستی دەستەکە کراون بۆ ئەوەی بە گوێرەی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.

