رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانیی عێراق هۆشداری دەدات کە زیادبوونی گوشارە ئابوورییەکانی واشنتن بۆ سەر تاران، کاریگەریی "بەرچاو"ی لەسەر بازاڕەکانی عێراق دەبێت. گوتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێت، مەترسییە گەورەکە لەسەر کەرتی بانک و حەواڵەکردنی دۆلارە.
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، رۆژی پێنجشەممە 27ـی ئابی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "زیادبوونی گوشارە ئابوورییەکانی ئەمریکا دژی ئێران کاریگەریی لەسەر بازرگانیی عێراق دەبێت، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە، کە عێراق بڕیاری دابێت بازرگانی لەگەڵ ئێران رابگرێت."
مەترسیی سەر کەرتی بانک و دۆلار
بە گوتەی حەنوون، خاڵی هەرە هەستیار لەم قەیرانەدا کەرتی بانکەکانە و گوتی: "مەترسییە بنەڕەتییەکە پەیوەندیی بە کەرتی بانک و گواستنەوەی پارەوە هەیە، بەتایبەت ئەگەر واشنتن ئەو بانک و کۆمپانیایانە بکاتە ئامانج کە کارئاسانی بۆ مامەڵە داراییەکان لەگەڵ لایەنە ئێرانییە سزادراوەکان دەکەن."
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی ئاماژەی بەوەش کرد، کە عێراق کار بۆ "پاراستنی بەرژەوەندییە ئابووری و سەروەرییەکانی خۆی" دەکات و ناتوانێت لایەنگیریی لایەنێک بکات، بەڵکو پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەبێت و هەوڵدەدات کەرتی تایبەت لە هەر کاردانەوەیەکی نەرێنی بپارێزێت.
پاشەکشەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، قەبارەی بازرگانیی نێوان عێراق و ئێران لە ساڵی 2025دا گەیشتبووە زیاتر لە 10 ملیار دۆلار، بەڵام محەممەد حەنوون ئاشکرای کرد کە لە ساڵی 2026دا بەهۆی بارودۆخی ناوچەکە و پەککەوتنی هەندێک لە دەروازە سنوورییەکان، ئاستی بازرگانی رووی لە پاشەکشە کردووە.
حەنوون جەختی کردەوە کە تاوەکو ئێستا هیچ رێنماییەک بۆ کەمکردنەوەی بازرگانی لەگەڵ تاران دەرنەچووە، بەڵکو چارەسەر لە "رێکخستنی بازرگانییە لەناو کەناڵە فەرمییەکاندا" تاوەکو سیستەمی بانکیی عێراق رووبەڕووی سزاکان نەبێتەوە.
ئەم هۆشدارییەی بەغدا دوای ئەوە دێت، کە رۆژی 24ـی ئابی 2026، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، دەستپێکردنی هێرشێکی ئابووریی "بێپێشینەی" بۆ سەر ئێران راگەیاند. واشنتن رایگەیاندووە کە پەیڕەوی لە ستراتیژیی "سفر دزەکردن" دەکەن و پێنج سێکتەری سەرەکیی تاران (سەرمایە دیجیتاڵییەکان، تەکنەلۆژیا، زێڕ، فڕۆکەوانی و کەشتیوانی)یان کردووەتە ئامانج.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا هۆشدارییەکی تووندیشی دایە وڵاتانی جیهان و گوتی: "هەر کەسێک بەردەوام بێت لە بازرگانیکردن لەگەڵ ئەم رژێمە، رووبەڕووی سزای ناڕاستەوخۆ دەبێتەوە." ئەمەش وادەکات بانکە عێراقییەکان بکەونە ژێر وردبینییەکی توندتر و مەترسیی سزادانیان زیاتر بێت.

.jpg&w=3840&q=75)

