رووداو دیجیتاڵ
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، 30ی ئەیلوول سەروەری بەسەر تەواوی خاکی عێراق دا رادەگەیێنێت و پەرۆشن بۆ ئەوەی دامەزراوە ئەمنییەکان کە لەژێر سایەی دەستووردا کار دەکەن، بنیات بنێنەوە.
ئەو گوتانەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەشداریکردنیدا بوو لە ئاهەنگی وەقفی سوننەی عێراق بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ).
عەلی فالح زەیدی گوتی: "عێراقییەکان لە 30ی ئەیلوولدا سەروەری بەسەر تەواوی خاکی عێراق دا رادەگەیێنن و کارنامەی حکومەتەکەی رێچکەیەکی روونی تێدایە بۆ بنیاتنان و چاکسازی و بنبڕکردنی گەندەڵی."
حکومەتی عێراق 30ی ئەیلوولی دیاریکردووە بۆ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق کە ئەو هەنگاوە مەرجی چەند گرووپێکی چەکداری شیعەیە بۆ ئەوەی چەکەکانیان رادەستی حکومەت بکەن.
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، پەرۆشن بۆ بنیاتنانەوەی ئەو دامەزراوە ئەمنییانەی لەژێر سەقفی دەستووردا کار دەکەن.
عەلی زەیدی باسی لە پابەندبوونیان کردەوە بە ئاشتیی کۆمەڵایەتی و جێبەجێکردنی یاسا و گوتیشی: "عێراق وێستگەیەک نابێت بۆ ئازارگەیاندن بەوانی دیکە."



