رووداو دیجیتاڵ هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بەفەرمی سێ ناوی بۆ هەریەک لە وەزارەتەکانی ناوخۆ و خوێندنی باڵا ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە. پەرلەمانتارێکی ئەو هاوپەیمانییەش دەڵێت: "بۆ ئەوەی سەرۆکوەزیران سەرپشک بێت لە هەڵبژاردنیان، سێ ناومان بۆ هەر وەزارەتێک ناردووە." عەلی دەڕاجی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆ ئەوەی بژاردەکان لەبەردەم سەرۆکوەزیران فراوان بن و دەسەڵاتی هەڵبژاردنی هەبێت، هاوپەیمانییەکەیان بۆ هەر وەزارەتێک سێ ناوی پێشکێشکردووە. عەلی دەڕاجی ناوی ئەو سێ بەربژێرەی بۆ رووداو ئاشکراکرد کە دەوڵەتی یاسا بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری ناوخۆ پێشکێشیکردوون، ئەوانیش بریتین لە: "فەریق قاسم عەتا، یاسر مالیکی و فەریق عودەی سەمیر." پەرلەمانتارەکەی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵاش بە هەمان شێوە سێ ناویان رەوانەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە. 14ـی ئایاری ئەمساڵ، لە پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر 14 بەربژێری کابینەی حکومەت درا، بەربژێری نۆ وەزارەت مابوون کە بەگوێرەی پەرلەمانی عێراق، بەربژێری چوار وەزارەتیان لە دەنگداندا رەتکراونەتەوە و متمانەیان وەرنەگرتووە. لە دانیشتنەکەی پەرلەماندا، قاسم عەتا دەنگی پێویستی بۆ بوونە وەزیر بەدەستنەهێنا و دواتر دەوڵەتی یاسا رەخنەیان لە دانیشتنەکە گرت و رایانگەیاند، قاسم عەتا دەنگی تەواوی بەدەستهێناوە. هەروەها بۆ پۆستی وەزیری خوێندنی باڵا، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا عامر خوزاعی بەربژێر کردبوو، بەڵام لەلایەن پەرلەمانەوە رەتکرایەوە.