رووداو دیجیتاڵ بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازیی عێراق، رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی ورددا لە پارێزگای مەیسان، دەستیان بەسەر ژمارەیەک درۆن و بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنیدا گرتووە. عەقید حەیدەر محەممەداوی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازی لە وەزارەتی بەرگریی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، 22ـی ئابی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بە پشتبەستن بە زانیاریی وردی هەواڵگری، هێزەکانی بەشی هەواڵگری و ئاسایش لە فیرقەی 22ـی کۆماندۆ، ئۆپەراسیۆنێکیان لە مەیسان ئەنجامدا." بە گوتەی عەقید حەیدەر محەممەداوی، لەو ئۆپەراسیۆنەدا دەستیان بەسەر ژمارەیەک (درۆن)، گولـلەهاوەن و چەندین جۆری جیاوازی بۆمبی دەستیدا گرتووە. بەڕێوەبەری راگەیاندنی هەواڵگریی سەربازیی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، تەواوی کەلوپەلە دەستبەسەرداگیراوەکان رادەستی لایەنی پەیوەندیدار کراون و رێکاری یاسایی پێویستیان بەرامبەر گیراوەتەبەر. هەواڵگریی سەربازیی عێراق دەڵێت، هێزەکانیان بەردەوام دەبن لە چاودێری و راوەدوونانی هەر چالاکییەکی نایاسایی و دەستبەسەرداگرتنی چەک و تەقەمەنیی بێمۆڵەت، بەمەبەستی پاراستنی سەقامگیری و جێبەجێکردنی یاسا.