رووداو دیجیتاڵ
بڕگەی هەموارکردنەوەی یاسای رزگاربووانی ئێزدی لە دانیشتنی سبەی پەرلەمانی عێراق لابرا.
خالید سیدۆ، نوێنەری پێکهاتەی ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 22ی ئابی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە هەوڵ و کۆششی فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بڕگەی هەموارکردنەوەی یاسای رزگاربووانی ئێزدی لە دانیشتنی سبەی پەرلەمانی عێراق لابرا.
ئەمە لەکاتێکدا بوو، بەپێی کارنامەی یەکەمجاری دانیشتنی سبەی یەکشەممە، 23ی ئابی 2026ـی پەرلەمانی عێراق، بڕگەی پێنجەم تەرخانکرا بوو بۆ خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای هەموارکردنی یەکەمی یاسای رزگاربووانی ئێزدی (ژمارە 8ی ساڵی 2021).
خالید سیدۆ ئاماژەی بەوەکرد، ئێزدییەکان بە هەموو شێوەیەک پێشنیازی هەموارکردنەوەی یاساکە رەت دەکەنەوە؛ گوتیشی، ئێزدییەکان تەواوی هەوڵەکانیان لەگەڵ سەرۆکایەتیی پەرلەمان و فراکسیۆنە سیاسییەکان خستەگەڕ بۆ ئەوەی هەموارەکە لە خشتەی کار لاببرێ.
بەگوتەی ئەو نوێنەرەی ئێزدی، هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی کات کە لە یاساکەدا دیاریکراوە دەستکاری بکرێ، لەکاتێکدا رۆژی 3ی ئاب هێمایەکی سیمبوولی گەورەی هەیە، بەو پێیەی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان بە بەڵگە دەکات کە " رەشترین رۆژە لە مێژووی مرۆڤایەتی. داننان بەمە رێزگرتنە لە قوربانیانی ئەو پێکهاتەیە".
21ی ئابی 2026، موراد ئیسماعیل، پەرلەمانتاری ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وەک نوێنەرانی ئێزدی، بە تووندی دژی هەر هەموارکردنێکی ئەم یاسایە دەوەستینەوە کە بەبێ رەزامەندی و گفتوگۆ لەگەڵ ئێمە ئەنجام بدرێ. هەر گۆڕانکارییەک لە یاساکەدا پێویستی بە رەزامەندی نوێنەرانی ئێزدی لە نێو پەرلەمانە."
سەبارەت بە هۆکاری پشت ئەو هەموارکردنە، موراد ئیسماعیل ئاماژەی بەوە کرد، گوشارێکی زۆر لە لایەن پێکهاتەکانی تورکمان و شەبەکەوە بۆ گۆڕینی نێوەڕۆکی یاساکە هەیە؛ گوتیشی، "برا تورکمان و شەبەکەکانمان دەیانەوێ ناو و دەقەکانی نێو یاساکە بگۆڕدرێن بۆ ئەوەی وەک ئێزدییەکان مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ، لە کاتێکدا یاساکە لە بنەڕەتدا تورکمان، شەبەک و کریستیانەکانیشی گرتووەتەوە و پێویست بە هەموارکردن ناکات."
ئەو پەرلەمانتارە ئێزدییە گوتی، ئەوان هەر جۆرە هەموارێک رەتدەکەنەوە، ئەگەر پێشوەختە لەگەڵ ئەواندا رێککەوتنی لەسەر نەکرابێت.
نێوەڕۆکی یاسای رزگاربووانی ئێزدی چییە؟
ئەم یاسایە لە 1ی ئاداری 2021 لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسند کرا، ئەوەش دوای تێپەڕبوونی نزیکەی 7 ساڵ بەسەر جینۆسایدی ئێزدی لەسەر دەستی داعش لە ئابی 2014.
یاساکە بە ئامانجی قەرەبووکردنەوەی مادی و مەعنەوی ئەو ژنانە دەرچوو کە لەلایەن داعشەوە رفێندرابوون و رووبەڕووی تووندوتیژی و دەستدرێژی ببوونەوە، هەروەها بۆ ناساندنی ئەو تاوانانە وەک "جینۆساید".
یاساکە چەندین مافی سەرەکی بۆ رزگاربووان دابین دەکات، لەوانە:
- دابینکردنی مووچەیەکی مانگانە بۆ هەموو رزگاربووەکان کە کەمتر نەبێت لە دوو ئەوەندەی کەمترین مووچەی خانەنشینی.
- پێدانی پارچە زەوییەک بۆ نیشتەجێبوون یان یەکەی نیشتەجێبوون بەخۆڕایی.
- رێگەدان بە رزگاربووان بۆ تەواوکردنی خوێندن بەبێ گوێدانە تەمەن و کۆنمرە.
- تەرخانکردنی رێژەی 2٪ی پلە وەزیفییەکانی میلاکی گشتی بۆ رزگاربووان.
- کردنەوەی سەنتەری تایبەت بۆ چارەسەری دەروونی و جەستەیی بۆ قوربانییان.
- یاساکە ئەو تاوانانەی بەرامبەر کوردانی ئێزدی کراون بە "جینۆساید" دەناسێنێت و کار دەکرێ بۆ ناساندنی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
- یاساکە جەخت دەکاتەوە کە هیچ لێخۆشبوونێکی گشتی یان تایبەت ئەو تاوانبارانە ناگرێتەوە کە ئەو تاوانانەیان ئەنجامداوە.
یاساکە کێ دەگرێتەوە؟
یاساکە تەنیا بۆ ئێزدی نییە، بەڵکو ئەم پێکهاتانەش دەگرێتەوە:
- ئەو ژنە ئێزدییانەی رفێندرابوون.
- ئەو ژنانەی لە پێکهاتەکانی (تورکمان، کریستیان، شەبەک) کە لەلایەن داعشەوە رفێندرابوون.
- ئەو منداڵانەی کە لە کاتی تاوانەکەدا تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمتر بووە و رفێندرابوون.
- رزگاربووانی ئەو کۆمەڵکوژییانەی داعش ئەنجامی داون.



