رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێ، پڕۆژەی بەستنەوەی کارەبا بە کوێتەوە بە رێژەی 96% تەواو بووە، بەڵام بەهۆی "دۆخی ئەمنیی ناوچەکە"وە کارەکان لە لایەنی کوێتەوە راگیراون.
ئەحمەد تورکی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، رۆژی شەممە، 22ـی ئابی 2026، بە رووداوی راگەیاند، عێراق هەموو کارەکانی خۆی لە پڕۆژەی بەستنەوەی کارەبا لەگەڵ کوێت تەواو کردووە، بەڵام دۆخی ئێستای ناوچەکە وایکردووە لایەنی کوێتی کارەکانی رابگرێ.
ئەحمەد تورکی گوتیشی: "ئێمە ئامادەین و هەر کاتێک دۆخەکە ئاسایی بێتەوە، دەستبەجێ هێڵەکە کارا دەکرێ."
سەبارەت بە بەستنەوەی کارەبا بە سعودیەوە، گوتەبێژی وەزارەتی عێراق باسی لەوە کرد، ریاز چاوەڕێی سەردانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانە بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی جیدی؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە بەستنەوەی کارەبا بە سعودیەوە بە نوێترین تەکنەلۆژیای جیهانی دەبێت.
بە گوێرەی وەزارەتی کارەبای عێراق، هێڵی کارەبای ئوردن ئێستا 50 بۆ 100 مێگاوات بۆ عێراق دابین دەکات.
ئەحمەد تورکی گوتیشی:"وەزارەت لەگەڵ وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستانیش لە گفتوگۆدایە بۆ دابینکردنی کارەبا بۆ پارێزگاکانی نێوەڕاست، بەڵام هێشتا وردەکاریی دارایی و کارپێکردنەکەی ماوە".
عێراق بە گشتی پێویستی بە 50 بۆ 55 هەزار مێگاوات کارەبا هەیە بۆ ئەوەی کارەبای 24 کاژێری بۆ هاوبەشانی دابین بکات.



