رووداو دیجیتاڵ
هەواڵگریی سەربازیی عێراق دەڵێ، لە بیابانی ئەنبار تونێلێکی پاشماوەکانی داعشمان تەقاندەوە و دەستیشیان بەسەر بڕێکی زۆر چەک، تەقەمەنی و کەرەستەی پزیشکیدا گرتووە.
عەقید حەیدەر محەممدداوی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازیی عێراق، رۆژی پێنچشەممە 20ـی ئابی 2026 بە رووداوی راگەیاند: "بە فەرمانی فەریق روکن حەسەن جەواد سیلاوی، بەڕێوەبەری هەواڵگریی عێراق، تیمەکانی فیرقەی حەوتەم دوای بەدەستهێنانی زانیاریی ورد، گەیشتنە ئەو تونێلەی کە داعش بۆ حەشارگە و کۆگەکردنی پێداویستییەکانی بەکاری دەهێنا."
بە گوتەی عەقید حەیدەر محەمداوی، لە ئۆپەراسیۆنەکە دەست بەسەر ئەم کەرەستە سەربازییانەی چەکدارانی داعشدا گیراوە:
- دۆشکەی 14.5 ملم و بیکەیسی.
- هاوەنی RPG-7 و سێ مووشەکی دژە تانک.
- هاوەنی 60 ملم.
- سەدان فیشەکی جۆراوجۆر.
- بڕێکی زۆر دەرمان و کەرەستەی پزیشکی و خۆراک.
- دوو ئامێری مۆبایل.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی هەواڵگریی سەربازیی عێڕاق رایگەیاند، دوای کۆکردنەوەی بەڵگەکان، تیمە ئەندازیارییەکان تونێلەکە و هەموو ئەو کەرەستانەی کە لە ناویدا بوون، بە تەواوی تەقاندوونەتەوە و وێرانیان کردوون
بیابانی فراوانی پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق، بەهۆی جوگرافیا سەختەکەیەوە، هەمیشە وەک حەشارگەیەکی سەرەکی بۆ پاشماوەکانی داعش بەکارهێنراوە.
سەرەڕای راگەیاندنی سەرکەوتنی سەربازی بەسەر داعشدا لە ساڵی 2017، بەڵام شانە نوستووەکانی ئەو رێکخراوە هێشتا لە ناوچە بیابانییەکاندا ماونەتەوە. هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەردەوام لە رێگەی هەواڵگری و ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی و وشکانییەوە، هەوڵدەدەن ئەم حەشارگانە وشک بکەن تاوەکو رێگری لە هەر هێرشێکی نوێ بگرن.



