رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق و سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کۆبوونەوە و پرسی برەودان بە هاوکارییە یاساییەکان و جێبەجێکردنی رێککەوتننامەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان تاوتوێ کرد.
فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20ـی ئابی 2026، لە بەغدا پێشوازی لە محەممەد قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و شاندێکی یاوەری کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، لە دیدارەکەدا "رێگەکانی بەهێزکردنی هاوکاریی دووقۆڵیی نێوان هەردوو وڵات لە بوارە دادوەری و یاساییەکاندا" تاوتوێ کراون.
هەر لەو دیدارەدا، فایەق زێدان و محەممەد قالیباف باسیان لە بەدواداچوونی جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتننامە و یاداشتنامەکانی لێکتێگەیشتن کرد، کە پێشتر لەنێوان تاران و بەغدا واژۆ کرابوون.
محەممەد قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، بە سەردانێکی فەرمی کە چەند رۆژێک دەخایەنێت، دوێنێ چوارشەممە گەیشتە بەغدا؛ لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە، بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای دیکەی عێراق کۆبێتەوە و رەوشی ناوچەکە و پەرەپێدانی هاوکارییە ئەمنی و ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ بکات.
