رووداو دیجیتاڵ
سێ بەرپرسی باڵای عێراق بانگهێشتی لیژنەیەکی تایبەت دەکرێن بۆ تاوتوێکردنی ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن کە بەر لە هێرشەکەی ئەمریکا و سعودیە بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی، لایەنی عێراقی ئاگادار کراوەتەوە.
بڕیارە پێنجشەممە 20ـی ئابی 2026، میوانداریی ئەو بەرپرسانەی حکومەت بکرێت.
بەگوێرەی نووسراوێک کە عەدنان فەیحان، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کردووە، داوای کردووە هەر یەکە لە ئیحسان عەوادی، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیران، عەبدولئەمیر شەممەری، بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و فالح فەییاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی ئامادە بن لەبەردەم لیژنەیەکی تایبەت کە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە نەگرتنەبەری رێوشوێن بۆ چۆڵکردنی بارەگاکانی حەشدی شەعبی بەر لەو هێرشەی کە ئەمریکا و سعودیە کردیانە سەریان.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو لیژنەی لێکۆڵینەوەیەی لە پەرلەمان پێکهێنراوە لە شەش ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پێکهاتووە، کە بڕیارە میوانداریی ئەو سێ بەرپرسە بکەن."
لە نووسراوەکەیدا جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەوە داوە کە لەگەڵ ئامادەبوونی ئەو سێ بەرپرسە، لیژنەکەی پەرلەمان دەستبەکار دەبێت بۆ لێکۆڵینەوە لەو پرسە.
بڕیاری پێکهێنانی لیژنەکەی پەرلەمان لە 10ـی ئابدا درا، بۆ ئەوەی راست و دروستیی ئەوە بزانرێت کە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق ئاگاداری پێشوەختەی ئەو هێرشانە بوون.
لە 29ـی تەممووزی 2026ـدا ئەمریکا و سعودیە هێرشیان کردە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە کەرکووک و شەش پارێزگای عێراق و لە ئەنجامدا 20 کەس کوژران و 32ـی دیکە بریندار بوون.
هەمان رۆژی هێرشەکە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "هێرشەکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق کراوە."




