رووداو دیجیتاڵ
دۆسیەی (جورف سەخر) یان (جورف نەسر) جارێکی دیکە دێتەوە بەرباس. "هەزاران" دانیشتووی ناوچەکە دەیانەوێ بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، بەڵام لەبەر پرسی (وردبینی ئەمنی) ترسیان لە گەڕانەوە هەیە.
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای بابل دەڵێت: "هێستا مەترسیی شانە تیرۆریستییەکان ماوە" و بەبێ وردبینی ئەمنی رێگە بە گەڕانەوەی کەس نادەن. لەو ناوچەیە کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا، پاسەوانی سنوور و پۆلیسی فیدراڵی جێگیرن.
دوای ساڵانێکی زۆر لە داخرانی، لیژنەیەکی باڵای حکومی بە فەرمانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، یەکەم گەشتی مەیدانییان بۆ ناحیەی جورف سەخر لە باکووری بابل ئەنجامدا. لیژنەکە کە نوێنەری وەزارەتەکانی ناوخۆ، کشتوکاڵ، هەواڵگری و حەشدی شەعبی تێدایە، لێکۆڵینەوەیان لە دۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاری کرد.
رۆژی چوارشەممە، 19ی ئابی 2026، حوسێن مەنکوشی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بابل کە یاوەری لیژنەکە بوو، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، گەورەترین ئاستەنگی بەردەم ئاوەدانکردنەوەی جورف سەخر مەترسییە ئەمنییەکانە.
جرف سەخەر دەکەوێتە دووری 60 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژئاوای بەغدا و سەر بە پارێزگای بابلە. گرنگیی ئەم ناوچەیە لەوەدایە کە خاڵی بەیەکگەیشتنە لەنێوان چوار پارێزگا (بەغدا، ئەنبار، کەربەلا و بابل). هەر لایەنێک دەسەڵاتی بەسەر ئەم ناوچەیەدا هەبێت، دەتوانێت کۆنترۆڵی رێگاکانی نێوان ناوچەکانی نێوەڕاست، باشوور و رۆژئاوای عێراق بکات.
دوای کۆنترۆڵکردنی لەلایەن داعشەوە، لە ئۆکتۆبەری 2014 و لە ئۆپەراسیۆنێکی گەورە بە ناوی (عاشورا)، سوپای عێراق و حەشدی شەعبی جورف سەخریان کۆنترۆڵکردەوە و دوای رزگارکردنی، ئەنجوومەنی پارێزگای بابل بڕیاری دا ناوی ناوچەکە لە (جرف سەخر) واتە (کەناری بەردین) بگۆڕێ بۆ (جرف نەسر) واتە (کەناری سەرکەوتن).
"ناوچەکە مینڕێژکراوە"
حوسێن مەنکوشی دەڵێت: "ناوچەکە بە تەواوی مینڕێژ کراوە. ئێمە وەک حکومەتی خۆجێیی پڕۆژەیەکی گەورەی وزەی خۆرمان لە قەزای ئەسکەندەرییە دەستپێکرد، بەڵام لەبەر بوونی مین و تەقەمەنی سەردەمی داعش، کۆمپانیاکە کارەکەی راگرت."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگا باس لەوە دەکات، تاوەکو ناوچەکە بە تەواوی لە مین پاک نەکرێتەوە و لایەنی پەیوەندیدار بە "ناوچەی ئارام" نەیناسێنن، ناتوانرێ هیچ پڕۆژەیەکی تێدا جێبەجێ بکرێ.
لەبارەی دەنگۆی رێگریکردن لە بەرپرسانی حکومەت بۆ چوونە نێو ناحیەکە، مەنکوشی گوتی: "هێزەکانی ئەوێ هێزی فەرمین، پاسەوانی سنوور، پۆلیسی فیدراڵی و حەشدی شەعبین، بەتایبەتی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا و نەمانبیستووە کە رێگری هەبووبێت."
داوای لێبووردنی گشتی دەکرێ و پارێزگای بابلیش رەتی دەکاتەوە
بەشی زۆری دانیشتووانی جورف سەخر لە هۆزی (جەنابی)ـن، لەگەڵ بوونی هۆزەکانی دیکەی وەک (بزمانی، غورێری و مەسعودی). ئەم هۆزانە لە ساڵی 2014 بە کۆمەڵ ناوچەکەیان جێهێشت. ئێستا هەزاران خێزانیان لە کەمپەکانی ئاوارەکان (وەک کەمپی عامرییەی فەللوجە) یان لە شارەکانی دیکەی وەک هەولێر و بەغدا دەژین.
بەشێک لە دانیشتووانی ناوچەکە بەهۆی ئەوەی لە کاتی دەسەڵاتی داعش یان قاعیدە لەوێ بوون، یان خزمێکی نزیکیان چەکدار بووە، بەپێی یاسای تیرۆر داواکراون. ئەمانە دەزانن ئەگەر بگەڕێنەوە و وردبینی ئەمنییان بۆ بکرێ، لە بازگەکانی حەشدی شەعبی یان سوپا دەکرێ رووبەڕووی کێشە ببنەوە.
حوسێن مەنکوشی ئاماژە بەوە دەکات کە هەندێک لایەن دەیانەوێ "لێبووردنی گشتی" بۆ هەمووان دەربچێ، بەڵام ئەوە لای ئەوان وەک پارێزگای بابل، قبووڵکراو نییە.
گوتیشی: "هەندێک کەس دەیانەوێ بەبێ وردبینیی ئەمنی خەڵک بگەڕێتەوە، ئەمە ئەستەمە. حکومەت و پارێزگار جەختیان کردووەتەوە کە هەر کەسێک کێشەی نەبێت و فەرمانی دەستگیرکردنی نەبێت، بەخێرهاتنی دەکەین و دەتوانێت بگەڕێتەوە سەر ماڵ و موڵکی خۆی. بەڵام ئەوانەی داواکراون لەلایەن دادگەوە یان دەستیان لە تیرۆردا هەبووە، ئەوە دۆسیەی دادگەیە و کەس ناتوانێت دەستکاری بکات."
"مەترسیی شانە تیرۆریستییەکان ماوە"
هاوکات محەممەد مەنسووری، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بابل بە رووداوی گوت: "هەر کەسێک بڵێت جورف سەخر داگیرکراوە، سکاڵای یاسایی لەسەر تۆماردەکەین. ئەو ناوچەیە وەک موسڵ و رومادی رزگارکراوە، نەک داگیرکراو."
مەنسووری دەشڵێت: "سەتان و هەزاران کەس دەیانەوێ بگەڕێنەوە، بەڵام دەبێت بەوپەڕی وریایی و وردبینییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆسیەیەدا بکرێ، چونکە مەترسیی شانە تیرۆریستییەکان هێشتا ماوە."
جورف سەخر جگە لە گرنگییە ئەمنییەکەی، ناوچەیەکی کشتوکاڵیی دەوڵەمەندە و رووبەرێکی زۆر لە باخی خورما و دارستانی چڕ لەخۆدەگرێ.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لەکاتی سەردانەکەدا لیژنە حکومییەکە چاویان بە کۆمەڵێک لە باخەوان و جووتیارانی ناوچەکە کەوتووە کە داوای نوێکردنەوەی گرێبەستی زەوییەکانیان کردووە. حوسێن مەنکوشی دەڵێت: "باخەوان و جووتیاران داوایان کرد بەپێی یاسای ژمارە 17ی چاکسازیی کشتوکاڵی، گرێبەستی کڕین یان بەکرێگرتنی زەوییەکانیان بۆ نوێ بکرێتەوە، چونکە ماوەکەی تەواو بووە."
ئەو لیژنە حکومییەکەی کە سەردانی ناوچەکەیان کردووە بڕیارە لە 10 رۆژدا راپۆرتی کۆتایی خۆیان پێشکێشی عەلی زەیدی بکەن.



